Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 30, 2020

“هەشتاوپێنج ساڵ بەر لە ئێستا، باپیرم یەکەم کەس بووە کاری شەربەتفرۆشی دەستگێڕی (السوس) کردووە لە شاری قامیشلۆ. بۆ ماوەی سی ساڵ ئەم کارەی کردووە، پاشان باوکم جێگەی گرتۆتەوە و باوکیشم ماوەی چل ساڵ هەمانکاری کردووە و لە شارەکەدا بەناوی ئەبوعەبدۆی سەواس ناوبانگی هەبووە. دواتر باوکم چووە تەمەنەوە و منیش لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستم بەم کارە کرد. باوکم ورد و درشتی کارەکەی فێرکردووم، هەروەها ئەوەی من لە فرۆشیارەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەوەیە من جلوبەرگی فۆلکلۆری شەربەتفرۆشیی لەبەردەکەم. وا نزیکی هەشتاوپێنج ساڵە لە قامیشلۆین، بەڵام من هەمیشە دەڵێم کە بە ئەسڵ خەڵکی حەلەبم، چونکە ئەوەی ئەسڵی خۆی بیرچێتەوە، وەکو ئەوە وایە ئەسڵ و فەسڵی نەبێت.”

“خواردنەوەی سوس سودی تەندروستی زۆرە، یەکێک لە شتە گرنگەکانی ڕەوانکردن و خێراکردنی هەرسی خۆراکە. سوس جۆرە گیایەکە لە کەناری ڕووباری فورات لێدەکرێتەوە. ئەو سوسەی کە لە فورات لێدەکرێتەوە زۆر بەناوبانگە. زیاتر لە وەرزی هاویندا دەفرۆشرێت، لە شاری قامیشلۆش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا دەست بە فرۆشتنی دەکەین. بەڵام لە دیمەشق و حەلەب لە هەموو وەرزەکاندا دەگێڕدرێت. هەر لەبەر ئەوەشە لە زستاناندا ناچار کاری تر دەکەم. سوس، یاخود بنەبەلەک (Binebelek) بە کوردی، جۆرە خواردنەوەیەکی فۆلکلۆریی تایبەتە بە خەڵکی سوریا و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئەو کەسەی ئەم کارە دەکات پێی دەوترێت (السواس).”