Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

July 31, 2020

“هەر مشتە خاکێک هەڵدەگرم، دەیخەمە لەپی دەستمەوە و بیردەکەمەوە ئەم خاکە چی تێدایە و بڕیارە چی پێدروستبکەم؟ جۆرێک لە پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانماندا هەیە. پێش ئەوەی هەر زەرفەگڵینەیەک یاخود دەستکردێکی گڵین دروستبکەم، خۆم دەچم خاکەکەی دێنم، چونکە ناکرێت کارێک دروستبکەم و نەزانم خاکەکەی هی کوێیە و ناسنامەکەی نەزانم. خاک لە پارچەی وردبوو دروست دەبێت، ڕەنگە ئەو خاکەی دەیهێنم جەستەی بەخاکبووی مرۆڤێک بووبێت و مشتێکی گەشتبێتە لای من. من بەرپرسیارم لەوەی کە ئایا ئەم خاکە مەیلی هەیە ببێت بە چی؟ ئەو مرۆڤەی خاکەکەی بەجێماوە، بەبێ ئەوەی من ئاگاداربم، ڕازیە ئەو شکڵەی لێدروستبکەم کە خۆم دەمەوێت؟”

“زۆرجار بێ ئەوەی بیربکەمەوە، مشتێک خۆڵ هەڵدەگرم و مەجال دەدەم خۆڕسکانە لەناو دەستەکانمدا هەڵکشێت، ئەگەر شلبێتەوە ڕێی لێناگرم و سەیریدەکەم بزانم بە چ شێوازێک خۆی دەنوێنێت. سەیرە کاتێک خاکێکی مردوو دێنیت و ئاو دەکەیت بە دەمیەوە و زیندوویدەکەیتەوە. ئەمە شێوازی کاری منە و پشتم بە خۆڕسکی بەستووە لە کارەکانمدا، هەرکات کارێک دروستدەکەم و کڕیارێک لێم دەکڕێت، پێیدەڵێم هەرکات شکا، تکایە بۆم بهێنەرەوە. هەربۆیە کارگەکەم پارچەی شکاوی زۆر تێدایە، پێمخۆشە کە دوای ئەوەی سەفەرێک لەگەڵ کڕیارێکدا دەکات، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە لای خۆم.”