Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 4, 2020

“دەڵێن ئارەزووەکانی منداڵی داهاتووی مرۆڤ دیاریدەکەن، لەو شتەدا زۆر هاوڕام. ئەو شتەم بەتەواوی لەلا ڕوون بۆوە لەدوای ئەوەی چیرۆکی داینەسوڕەکان لە سەرەتای هەرزەکاریمدا زۆر ڕایاندەکێشام. داینەسوڕەکان چین؟ چوون بۆکوێ؟ داینەسوڕی جۆری براکیاسۆرس چەن گەورە بووە؟. لە شازدە ساڵیدا پارەم کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی ئەو کتێبانە بکڕم کە باسیان لە دایناسوڕەکان، هەسارەکان و ژیان لە بۆشایی ئاسماندا دەکرد، ئێستاش هەموویانم ماوە. من جیۆلۆجیستم، هەوڵەدەم بەردەکان بخوێنمەوە و بزانم لەچی پێکهاتوون، باوەڕ دەکەیت، بەردەکان قسە دەکەن، بەڵێ! ئەمە ئەو شتەیە کە دوای پازدە ساڵ لە خوێندن و کارکردن لەبواری جیۆلۆجیدا بۆم ئاشکرا بوو.”

“لە ئێستادا سەرقاڵی وردگەریم لەسەر توێژینەوەیەکم دەربارەی لەناوچوونی داینەسوڕەکان، کە بەهۆی پێکدادانی نەیزەکێک لەگەڵ زەویدا، شەستوشەش ملیۆن ساڵ بەرلەئێستا ژیان کۆتاییپێهات. پاشان چۆن سەرلەنوێ ژیان لەسەر زەوی دەستیپێکردۆتەوە. دوای هەوڵێکی زۆر توانیم بۆ یەکەمجار پارچەی نەیزەک لە دەوروبەری دهۆک بدۆزمەوە. ئەم سەرکەوتنە هەروا بە سادەیی کۆتایی نەهات، لەدوای ئەویش توێژینەوەیەکی ترم بەدوایداهات دەربارەی چاخێکی جیۆلۆجی نوێ لە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک و زاخۆ، کە پێشتر بەسەر زۆرێک لە توێژەراندا تێپەڕببوو. وادیارە من چۆن ئارەزووی جیۆلۆجی دەکەم، ئەویش وەهایە بۆمن.”