Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

August 17, 2020

“لە سەرەتادا چەند ڕاهێنانێکم دەکرد، بەڵام وا بۆ پێنج شەش ساڵدەبێت وەرزشی لەشجوانی دەکەم، باوەڕم نەدەکرد کە هێندە چێژی هەبێت. زۆربەی کچان وابیردەکەنەوە کە یاری لەشجوانی لەشولاریان دەشێوێنێت و قەڵەو دەبن. بەڵام لەم وەرزشە خۆت خۆت دروستدەکەیت و خۆت لەگەڵ جەستەت کاردەکەیت. لەپاڵ ئەمانەدا یۆگا، تی ئاڕ ئێکس و باقی تری ڕاهێنانەکان کە پەیوەندیان بە لەشجوانییەوە هەیە زۆر بەسوودن. لە ئێستادا ڕاهێنەری پلە سێم، بەلام پێمخۆشە زیاتر کاربکەم و کاری باشتر ئەنجام بدەم و ببمە هۆی سودێک بۆ دەوروبەرم و هاوڕێکانم. لە پەیجی ئینستاگرامەکەم بەردەوام پۆست و ستۆری تایبەت بە وەرزش دادەنێم و زۆرێک لە هاوڕێکانم دەڵێن کە سودمان لێوەرگرتووە و هەتا ئەوانەشی کە پێشتر وەرزشیان نەدەکرد، بەهۆی کارەکانی منەوە ئێستا وەرزش دەکەن. لەهەرکوێ بم، لە کەژوکێو یاخود لە سەفەر و میوانیشبم سوود لە کەمترین کات وەردەگرم و وێنەو ڤیدیۆی فێرکاری دەگرم بۆ پەیجەکەم”.

“زۆربەی کەس وادەزانن کە کچان وەرزش بکەن، هەڵسوکەوتیان وەکو پیاوانی لێدێت. بەڵام وانیە، من رۆحێکی زۆر هەستیارم هەیە و لە بەرگی کچێنی خۆمدام و هەستەکانم هەر کچانەیە. زۆربەی کات من زیاتر لە هاوڕێ کوڕەکانم هەوڵمداوە بۆ ئەوەی بتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم، بەڵام بەڕاستی ئەوەندەی هەوڵمداوە لە بەرامبەردا ئەوەندە ئەنجامم وەرنەگرتووە. ئێستاش لە بەشی پەروەردەی وەرزشی دەخوێنم، تاکو بتوانم باشتر لە کارەکەم شارەزا ببم و کارەکانم زانستی بێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە لام زیاتر یارمەتییان بدەم و کۆمەکیان بکەم و لە یەک خاڵدا نەوەستم. پێمخۆشە هەموو کەس وەرزش بکات بۆ تەندروستییەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر”.