Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 4, 2020

“کاتێک توشی هەڵامەت دەبووین یان سەرمامان دەبوو، دایکم کۆمەڵێک گژوگیای تێکەڵ دەکرد و بۆی دەکوڵانین. هەر ئەوەبوو وای لە من کرد بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆم بکەم کە ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵێک گژوگیا و گوڵی کێوی چارەسەری نەخۆشی بکەن؟ ئیتر لەوێوە ڕێگای چارەسەرم بە گژوگیا گرتەبەر و زیاتر لە بیست ساڵە ئەمە کارمە. یەکەمجارمبوو کە کەسێک چارەسەر بکەم، ئازارێکی زۆر لە سکیدا هەبوو. توانیم لەو ئازارە ڕزگاری بکەم و بیرمە دواتر گەڕایەوە بۆلام بۆ سوپاس و لەگەڵ دەستیدا دیاری بۆ هێناوبووم. دیارییەکەی سێ کتێب بوو، پێی وتم کامەیانت دەوێت هەڵیبژێرە، منیش یەکێک لە کتێبەکانم بەرچاوکەوت کە هی (عبد الرحمن السيوطي) بوو، تەمەنی کتێبەکە بۆ ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕایەوە و تێیدا باسی سەرجەم جۆری ئەو گژوگیا و گوڵانەی کردووە کە بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاردێن لەگەڵ سودەکانیاندا.”

“هەموو ڕۆژەکانم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبەوە بەسەردەبرد و بە وردی خۆم فێری سەرجەم جۆرەکانی گژوگیا کرد. پاشان دەچوومە لای عەتارەکان و ئەو گیایانەم دەکڕی کە پێویستم بوون و ئەوەی فێری ببووم و تاقیمدەکردنەوە. سوپاس بۆخوا ئێستا دەتوانم نەخۆشییەکان دەستنیشانبکەم و چارەسەری گونجاویان بۆ بەکاربهێنم. تاکو ئێستا چەندین حاڵەتی جۆراوجۆرم چارەسەرکردووە و لە بەرامبەریشدا پاداشتم وەرگرتووە. جارێکیان بە ڕێکەوت چاوم بە کەسێک کەوت لە ماڵی هاوڕێیەکم، زیخی گورچیلەی هەبوو و پزیشک پێی وتبوو دەبێت نەشتەرگەری بکەیت و لەڕووی مادیشەوە توانای نەبوو نەشتەرگەرییەکە بکات. منیش پشکنینم بۆ کرد، پاشان چارەسەرێکم پێدا. پاش ماوەیەک کە چووبوو بۆ پشکنین لای پزیشک، پزیشکەکە سەری سوڕمابوو و وتبووی ئەو زیخانەی گورچیلەت چییان لێهاتووە؟”