Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 7, 2020

“لەوكاتەوە كە فامم كردەوە و دەوروبەری خۆم دیت، بەھۆی وەی كە باوكم ھۆگری موسیقا و كاری سازلێدان بوو، منیش تێكەڵاوی ئەو ھونەرە بووم و زۆر جاران باوكم ئەو ئامێرانەی كە بۆخۆی ھەیبوو دەیدامێ و منیش دەستم لێدەدان. كاتێك تەمەنم بوو بە هەشت ساڵان، باوكم بردمی بۆلای مامۆستایەكی فێركاری موسیقا، لەوێ بۆ ئەوەڵجار دەستم بە لێدانی كیبۆرد كرد و ھەر لای ئەو مامۆستا بەڕێزەی ئەوەڵ ھەنگاوەكانی فێر بوونی نۆتی موسیقا و ئاڵفابێت فێر بووم. كاتێك تەمەنم بوو بە چواردە ساڵ، ئامێری تارم بۆخۆم ھەڵبژارد و ئەوجار چووم بۆ لای مامۆستایەك كە بە تایبەت لێدانی تارم فێر بكات. نزیکەی شەش ساڵ ئەو مامۆستایە كاری دەگەڵ كردم و ڕەدیفەكانی موسیقای ئێرانی و مەقامە كوردییەکانی فێركردم.”

“لە درێژەدا، چووم بۆ نێو گروپی موسیقای ژی. لەوێڕا بە تەواوی دەستم بە ئیشی موسیقا و كاری وێكڕایی كرد. ئەوكات كە چوومە نێو ئەو گروپە من تەنیا ژن بووم دە گروپدا كە سازم لێدەدا، زۆر كەس پێیان سەیربوو و لۆمەیان دەكردم، بەڵام بنەماڵەكەم و بەتایبەت باوكم، ھەمووكات لە پشتم ڕاوەستا و نەیھێشت واز لە كاری موسیقا بێنم، چۆن دەیزانی دەگەڵی دەژیم. دەگەڵ گروپی ژی، بۆ پەرەپێدان بە موسیقای كوردی، لە زۆربەی شارۆچكەكان كۆنسێڕتمان دادەنا. ھەروەھا لە تاران بەشداری فیستیڤاڵی فەجرمان كردووە. ھاوكات دەگەڵ ئەوەش لە ورمێ لە كن مامۆستایەكی دیكە دەچووم بۆ فێربوونی گۆرانی كوتن و ئاوازخوێندن. ھەڵبەت جیا لە كاری موسیقا، بۆخۆشم لە زانكۆ خوێندکاری ماستەرم لە نەخۆشی میکرۆبی و ئێستا لە تاقیگەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا خەریکی کارم.”