Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 8, 2020

“لەپاش ئەوەی خەڵکەکە گەڕانەوە گوندەکان، هەستمان بە کەلێنی خۆشییەککرد ئەویش توتن کردنبوو. چونکە توتن کلتورێک باو و باپیرمانە و له کۆنەوە سەرمایەیەکی گرنگمان بووە. ساڵانە ڕووبەری یەک کاتژمێر مەکینەکردن دەکەم بە توتن، کە نزیکەی دوو سەد دارێک دەردەچێت، چونکە توتنەکە بەدار ئەکەین هەر بەداریش حسابی ئەکەین. کاتی توتن کردنیش لە بەهاردا دەستپێدەکات. سەرەتا شەتڵ دەکەین پاشان لە ١٥ی مانگی ئادارەوە دەست بە بۆیە هەڵدانەوە دەکەین و پاش بۆیەش خاکاو دەکەین، دوای خاکاویش بە هەرەوزی ژن و پیاو دێن، ژنەکان توتن دەچێنن و پیاوەکانیش ئاوەنێ و خاکاو دەکەن. دوای تەواوبوونی ئەم کارەش، دوای پانزە بیست ڕۆژ کە توتنەکە کەمێک هەراش دەبێت واتە زۆر گەورە نابێت ئەوجا دێتە سەرەی کارتە و جوتە دوای ئەوە سەرو جوتەی کارتەی یەکەم دەکرێت دوای ئەوە سەرو کارتەی دووەم دەکرێت و دوای سەرو کارتەی سێیەم دەکرێت دوای ئەوە پانزە بیست رۆژێکت ئەمێنی و لە هاوین توتنەکە پێ دەگات و دەست دەکەین بە بڕینەوەی توتنەکە.”

“توتنەکانیش چەند جۆرو شێوازێکی هەیە، توتنی فەقێ حەوێز، بۆندار، بێ شەما و بەسێ شەل. توتنی بۆندار تایبەتە بە زێوە و هەرتەل و شیرە. بێ شەما تایبەتە بە نواوە و دواوە. بەسێ شەل یەعنی بتوێن. باشترین جۆری توتنیش توتنی بۆنداری زێوەیە وجیهانییە. سەییدەکان بەکاریدەهێنن و ئەگەر جوان خزمەت بکرێت کیلۆیەکی نزیکی سەد دۆلار دەکات. زەمانی قەدیم چل پەنجا ساڵ پێش ئێستا خەڵک پایزان دەهاتن بۆ گوندەکان قەسپ(جۆرێکە لە خورما) و سابونیان دەهێنا، بەکارتە و جوقەیان (گوڵ و پەلکی توتن) دەدا. بە قەسپەکەیان دەگوت قەسپی کوردکوژ و فەردەی سی کیلۆی بوو. بۆیە وایان پێدەوت چونکە عەرەبەکان نەیان دەخوارد، تەنها بۆ ماڵاتیان بەکاردەهێنا. بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی برسی بووین و قەسپمان نەبوو وە نەشمان دیبوو زۆر حەزمان لێبوو و دەمانخوارد. کارتەش وەک توتن بەشیشەوە ئەکرێت بەڵام جوقە لێدەکرێتەوە و لەبەرهەتاو ڕادەخرێ و بەسەرمای زستان وشک دەکرێتەوە. زۆر رازیین لە پیشەکەمان و سودێکی ماددی زۆری لێدەبینن، سەرباری ئەوەی کە خۆشیەکی زۆریشمان پێدەبەخشێت چونکە زۆربەی کارەکان بە هەرەوزی دەکرێت.”