Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 9, 2020

“نەنکم تەمەنی نەوەد ساڵبوو. سەرەڕای تەمەنەکەی، تەندروستی زۆر باشبوو. تا ڕۆژێکیان لە کاتی دەستنوێژ هەڵگرتندا خلیسکا و کەوت، ئازار بە ئەژنۆکانی گەشتوو و کەوتە سەر جێگا. بەهۆی ئەوەی دایکیشم تەندروستی باش نەبوو و خۆم تاکە منداڵی ماڵەکە بووم، بڕیارمدا خۆم خزمەتی بکەم. ڕۆژانە خواردنم بۆ دروستدەکرد و نانم پێدەدا. کات و ساتی دەرمانەکانیم لەبەرکردبوو و بێ دواکەوتن دەمداپێی. بە جۆرێک هۆگری ببوم وام لێهاتبوو لە خۆم زیاتر خۆشم دەویست. ئەو هۆگریە کاریگەری نەرێنی خستبووە سەر خوێندنەکەم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشم. تەنانەت لەگەڵ هاورێکانیشم نەدەچوومە دەرێ، دەموت نەکا پێویستی بە شتێک بێت و من لە ماڵ نەبم. ماوەی یانزە مانگ نەنکم بەو شێوەیە لەسەر جێگا مایەوە.”

“ڕۆژێکیان لەبەر بێتاقەتی و هیلاکی زۆر، بڕیارمدا سەردانی ماڵی خوشکێکم بکەم لە شاری قامیشلۆ. بە نەنکمم وت دوو ڕۆژم پێدەچێت و زوو دەگەرێمەوە. لەو کاتەدا شتێک روویدا کە هەرگیز ناتوانم لەبیری بکەم، توند دەستەکانی گرتم و پێی وتم مەڕۆ، ئەترسم نەتبینمەوە. منیش پێکەنینێکی دروستکراوم بۆ کرد و پێموت مەترسە هیچ ڕوونادات و زۆرم پێناچێت. هەمان شەو، تەلەفونکرا و وتیان نەنکم تەندروستی تێکچووە و داوای من دەکات. زۆر زۆر گریام، زۆر پەشیمان بووم کە جێمهێشتبوو. لەگەڵ براکەم بەخێرایی سەیارەیەکمان بە کرێ گرتوو و گەڕاینەوە بۆ حەسەکە. کاتێک دەرگام کردەوە هەموو خزم و کەسوکار لە دەوری کۆببونەوە و ئەویش لە جێگاکەیدا کەوتبوو. گوێم لێبوو بانگی دەکردم و دەیوت فاتمەم بۆ بێنن، با پێش ئەوەی بمرم بیبینم. ڕۆشتمە لای، هەردووکمان توند دەستی یەکمان گرتبوو، من دەگریام و ئەو دەگریا. پێم وت ئەوەتام، قەت جێتناهێڵم جارێکیتر. لەویا لەبەرچاوی خۆما گیانی دەرچوو. مرد، بەڵام بۆ هەمیشە خەمێکی قوڵی لە دڵمدا جێهێشت. “