Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 10, 2020

“سەرمای ئەو شوێنە باسناکرێت، ناوچەیەک بوو نزیک شام لە ناو مەسیحییەکاندا. ئەو کاتە تەمەنم چواردە ساڵان بوو، دوور لە خێزان و هاوڕێکانم، ڕۆژانە ڕێگایەکی زۆرم دەبڕی لە نێوان شوێنی فێربوونەکەم و ماڵەکەمدا. بەڵام خولیام بۆ کاری دارتاشی ئەوەندە زۆربوو هەرگیز بێزار نە ئەبووم بە ڕۆشتن لەژێر بەفردا بۆ ماوەیەکی زۆر، هەندێک جار بەفر مەترێک بەرزدەبۆوە. بەڵام ئارەزووی دروستکردنی کەلوپەل و کێشانی نەخش و نیگار لەسەر تەختە، نەیوەستاندم. دوای گەشتێکی هەژدە ساڵی، گەڕامەوە بۆ نیشتیمان. چونکە تاراوگە چەنێک جوانبێت، بەڵام نیشتیمانەکەی خۆت جوانتر و دڵبەرترە. لەگەڵ ئەوەی ببومە خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە خۆم، بەڵام هەستمەکرد ڕۆژئاوا پێویستی پێمە. ماوەیەک لەپاڵ کارەکەمدا، هەستام بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپوری و ئەنتیک، بۆ ئەوەی مۆزەخانەیەکی پێدروستبکەم. بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس هاوکارم نەبوو و ماڵەکەشم هێندە فراوان نەبوو بتوانم جێیبکەمەوە، بۆیە دوای ماوەیەک مۆزەخانەکەم داخست و گەڕامەوە سەر پیشەکەی خۆم کە لە پێناویدا زۆرم چەشتووە.”