Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 11, 2020

“تاکە خوێندکاربووم لەناو هەموو بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ مەکینەی دروومانم لەگەڵ خۆم بردبوو بۆ ناو بەشی ناوخۆیی. سەرەتا زانکۆ زۆر ڕێگرییان لێدەکردم، بەڵام من هەر سوربووم لەسەر بردنی مەکینەکەم و بە پارەیەکی زۆر ڕەمزی خەیاتیم بۆ کچانی بەشە ناوخۆییەکە دەکرد، ئەوانەی کە دەستیان کورتبوو بێبەرامبەر هاوکاریم دەکردن. چونکە ئەو خوێندکارانەی لە بەشی ناوخۆیین، خەڵکی ئەو شارە نین و هیچ شارەزانین، وە خەرجییان زۆر دەڕۆیشت. بۆ من بەرگدروویی بەشێکە لەژیانم، نەمهێشتووە مەکینەکەم لێ دوربخرێتەوە. لەدوای ئەوەی کە زانکۆم تەواو کرد، هاوڕێیەکی خۆمم فێری دروومان کرد. تا لەدوای من هاوکاری خوێندکارەکان بکات. ئێستا ئەمەم وەک کلتور لێکردووە، ئەویش دەبێت لەدوای خۆی کەسێک فێربکات، تا ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بێت. چونکه خوێندکارەکان زۆر پێویستییان پێیەتی. ئێستاش کە زانکۆم تەواوکردووە بەردەوامم لە پیشەکەی خۆم و خاوەن دوکانی خۆمم. کاری بەرگدروویی دەکەم و کۆمەڵێک خوێندکارم هەیە فێری دروومانییان دەکەم. سەرباری ئەمەش کتێبێکم نوسیووە لە بواری درووماندا و تەنها چاپکردنی ماوە.”