Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 16, 2020

“لە منداڵییەوە کاری بازرگانی تەسبیح دەکەم، کاتێک منداڵ بووم دەچووم بۆ بازاڕ و لەم جادە بۆ ئەو جادە جگەرەم دەفرۆشت، ئەو کاتانە کەسانی بەتەمەنم دەبینی کە خەریکی کڕین و فرۆشتنی تەسبیحن، لەو کاتەوە حەزی ئەوەم لەلا دروستبوو کە تەسبیح دروستبکەم، ڕۆژانە گوێم لە قسەکانیان دەگرت بەم شێوەیە فێربووم و دەستمپێکرد. لە سەرەتادا تەسبیحم لە ناوکی زەیتون و ناوکی خورما دروستدەکرد وەک کارێکی دەستی و دەچووم لە بازاڕ دەمفرۆشتەوە، لەو کاتەدا تەنها حەزێک بوو. بەڵام وردە وردە هەموو شتێک فێربووم لەسەر تەسبیح، جۆرەها تەسبیحم تاقی دەکردەوە، هەندێک جار دەمشکاند و لەگەڵ ماددەیەکی تر تێکەڵم دەکرد، هەتا گەیشتە ئەوەی هەموو شتێک فێربووم لەسەر تەسبیح بەهۆی تەجروبەکانمەوە و دوکانێکی تایبەت بە خۆمم کردەوە. ئەم حەز و خولیایەی کە فێربووم لە دواتردا بووە سەرچاوەی بژێویم و بەناوبانگ بوونم کە بەجێی دەهێڵم بۆ منداڵەکانم و کوڕەزا و کچەزاکانم.”