Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

October 25, 2020

“کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبە کۆنەکان دەربارەی بنەڕەت و سەرەتای مۆسیقا، تەنانەت دەربارەی شارستانییەتی فیرعەونەکان و میدەکانیشم خوێندەوە. شتێک سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە هەندێک حاڵەتی نەخۆشییان بە مۆسیقا چارەسەر کردووە. لەم بوارەدا قوڵ بوومەوە و لێکۆڵینەوەم لەسەر کرد، دەستمکرد بە چارەسەرکردن لە ڕێگەی ئامێری کەمانچەوە، چونکە ئامێرێکە بەر ڕۆح دەکەوێت و هێمنی و ئارامیت پێدەبەخشێت. هاوڕێیەکم هەیە کە بە سروشت قەلەقە، داوام لێکرد کە بێت قاوەیەک بخواتەوە لام، کاتێک کە گەیشت بینیم دەستی دەلەرزێت، پێم گوت چاوت دابخە چەند مۆسیقایەکت بۆ ئەژەنم بە کەمانچە و بۆچوونی خۆتم پێبڵێ. کە دەستم کرد بە ژەنینی مۆسیقاکە بینیم کە هێواش بووەوە و قەلەقییەکەی نەما، دڵنیا بوومەوە لە ڕاستی بابەتەکە. لێکۆڵینەوەی زیاترم لەسەر کرد بینیم چەند دەزگایەکی تایبەت بەم کارە هەیە لە یابان و ئەمریکا و تەنانەت دوبەیش ،کە خەڵک چارەسەر دەکەن بە مۆسیقا. دەتوانم شیکاری بۆ کەسێک بکەم لە ڕێگەی بینینی چاوییەوە و هەستکردن بە لێدانی دڵی، دواتر مۆسیقایەکی تایبەتی بۆ دەژەنم.”