Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 5, 2020

“لە ئێستادا لە قۆناغی چوارەمم لە کۆلێژی کشتوکاڵ، ئەو کاتەی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگیرام بۆ کچێکی بیست ساڵانەی وەک من لە ناوچەیەکی ساردی شاخاوی وەک باڵەکایەتی بۆ ناو هەولێر زۆر قورس بوو. قبوڵکردنی ئەو جەنجاڵییەی شار بە بەراورد بەو ئارامییەی باڵەکایەتی یەکجار دژوار بوو. جگە لەوەش لەوێ لەژێر سایە و سێبەری خێزان بووم لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام لێرە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ژیانی خۆم لە ئەستۆی خۆم بوو. جگە لەوە کۆمەڵێک زەحمەتی تر هەبوون کە تووشی پاڵەپەستۆ و شڵەژانی دەروونییان کردبووم، زۆر جار لە خۆمم دەپرسی، ئەوە منم لە ناوەڕاستی ئەم شارە گەورەیەدا بە تەنیا کاری خۆم بەڕێدەکەم؟، بەڵام شکور وردە وردە بە ناسینی کەسی نوێ و دۆزینەوەی هاوڕێی باش توانیم ڕابێم لەگەڵ بارودۆخەکە، ئێستا دوای چوار ساڵ هەولێر بۆتە بەشێک لە ژیانم و ئەو شارەم زۆر خۆش دەوێت. بە دوور کەوتنەوە لێی بەجۆرێک بیری ئەو شارە دەکەم کە هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم نەک چوار ساڵ بەڵکو چوار هەفتەش لێی بمێنمەوە.”