Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 17, 2020

“بیرمە کە تەمەنم 21 ساڵان بوو، چاکە لەناو خەڵکدا زۆر بوو لەچاو ئێستادا، کاتێک جەنازەیەک بە جادەیەکدا تێدەپەڕی، خەڵکی لەگەڵ خێزانی مردووەکەدا دەڕۆیشتن و یارمەتییان دەدان لە هەڵگرتنی جەنازەکە وەک خێرێک و چاکەیەک بەرامبەر خێزانی مردووەکە. زۆر بەو حاڵەتە کاریگەر بووم ئیتر منیش لەگەڵ جەنازەکاندا دەڕۆیشتم تا دەیانناشت، تەنانەت لە هەڵکەندنی گۆڕەکەش یارمەتیم دەدان، هەتا وای لێهات لەناو هەموو خەڵکی ناوچەکەدا بە گۆڕهەڵکەن ناسرام. هەر کەسێک مردوویەکی دەبوو یەکسەر منی بە بیردا دەهات کە تەنها من ئەم کارەم وەک خێر دەکرد بە خۆبەخشی، بانگیان دەکردم بۆ هەڵکەندی گۆڕەکان و ئامادەکردنیان. باش دەزانم لە دەستدانی کەسێکی ئازیزت چ هەستێکی هەیە، ، بۆیە پێیان دەڵێم ئێوە شتەکانی تر بکەن و گۆڕ هەڵکەندن و ئامادەکردنی بۆ من بەجێبێڵن بەتانیا. نکۆڵی لەوە ناکەم گۆڕهەڵکەندن زۆر قورسە. کە بووم بە 50 ساڵ پێویستم بە نەشتەرگەری بوو لە دەستمدا چونکە دەمارەکانم زیانیان پێگەیشتبوو بەهۆی هەڵکەندنی گۆڕەوە. بەڵام ئەمە نەیوەستانم چەند کەسێکم گرت کارم بۆ بکەن. دوای 8 ساڵ توانیم کۆمەک کۆبکەمەوە و جیهازی پێشکەوتوو بکڕم بۆ گۆڕ هەڵکەندن. خۆشترین شت لە ژیانمدا کاتێک دەخەوم زەمیرم مورتاحە، دڵنیام خەڵک دوعای خێرم بۆ دەکەن لەسەر کارەکانم.”