Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 22, 2020

“من ھەر لە ھەڕەتی زۆر منداڵیوە بەھۆی وەی كە باپیرێكم شمشاڵ ژەن بوو و باپیرێكیشم زۆر ھۆگری بەیت و حەیران بوو، گوێچكەم زاخاوی بەیت و حەیران و شمشاڵ و بابەتە فۆلكلۆرێكان بوو، ھەر بەو ھۆیەوە لەو قۆناغەی ژیانمدا لەو بابەتانە وەڕەز ببووم و چی دیكە حەزم بە بیستنیان نەدەكرد، بەڵام تینوی ژەنیاری و خولیای فیربوونی ئامێرە مۆسیقاییەكان بووم، لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەستمكرد بە فێربوونی ئامێری سەنتوور و دوای ماوەیەك وردەوردە ڕەدیفی موسیقای سونەتی فارسی فێر بووم، كاتێك كە شارەزای گۆشەكان و ڕەدیفی موسیقی ئێرانی بوم ئەوكاتی من بایەخ و ئەرزیشی موسیقای فۆلكلۆری كوردیم بۆ دەركەوت و زانیم ئێمە لەو بابەتەوە تا چ ڕادە دەوڵەمەندین، ھەر ئەو كات ئیتر من موسیقی ئێرانیم جێھێشت و ھاتم لەسەر موسیقی فۆلكلۆری كوردی كارم كرد و لەو كاتەوە خەریكی تۆژینەوە و لێكۆڵینەوە و گرداری بابەتە فۆلكلۆرێكانی ھەموو ناوچەكانی كوردستان، بە تایبەت مۆسیقای مەقامی کوردیم، و لەسەر ئەو بیر و ڕایەم كە ڕۆژگارێك دەبێ ناوچە بە ناوچەی كوردوستان ئەو بابەتە فۆلكلۆرانە بە تایبەت وەك بەیت و حەیران و لاوك و لەیلێ و ھۆرە و سیاچەمانە و وردە قام و ئەو مەقامانە ھەموو كۆبكرێنەوە و گردئاوری بكرێن و لە باری زانستێوە كاریان لەسەر بكرێ و تۆمار بكرێن و ببێتە فەرھەنگ و پێناسەی مێژووی موسیقای ڕەسەنی كوردی.”