Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

November 25, 2020

“هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەکێشانم هەبووە، کاتێک چوومە قوتابخانە لە پۆلدا لەسەر مێزەکان وێنەم دەکێشا وە لە ماڵەوەش لەسەر کتێبەکان. زۆرم حەز لە وانەی وێنە بوو، بەهرەکەم تێیدا پیشان دەدا و مامۆستاکەم هەمیشە دەستخۆشی لێدەکردم. تەنانەت داواین لێکردم چەند لەوحەیەک دروست بکەم بۆ ئەوەی هەڵیبواسن لە مەعرەزی خوێندنگەکەمان، ئەم جیاوازییەم لە خوێندکارەکانی تر وای لێکردم زیاتر پەرە بە خۆم بەم. لەسەرەتادا تەنها بۆ حەز ڕەسمم دەکرد هیچ پلانێکم نەبوو بۆ داهاتوو کە ببم بە وێنەکێشێکی شارەزا یان وێنەکێشێکی بەناوبانگ و ئەم هونەرە ببێت بە بەشێک لە ژیانم. بەڵام کاتێک بووم بە 14 ساڵ ڕۆژێک بە سوتفە ڤیدیۆی دروستکردنی یاریم ئەلەکترۆنیم بینی، کە چۆن کارەکتەرەکان دروست دەکەن و دواتر وردەکاری زیاتری بۆ ئەکەن و پاشان دەیجوڵێنن، زۆرم حەز لێبوو. لێرەوە ژیانم گۆڕا، ئامانجێکمدا بە بەهرەکەم و بڕیارمدا ببم بە دیزاینەری کارەکتەری یاری ئەلەکترۆنی و زۆر بە وردی دروستیان بکەن، تەنانەت بیرم لەوەش کردۆتەوە ڕۆژێک فیلم کارتۆنێکی زۆر کورت دروستبکەم.”