Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 8, 2020

“من باوكم ئەوەڵ كلیدسازی شاری مەھاباد بوو، یانی ئەو كات لە مەھاباد ھەر باوكی من ئیشی سازكردنی قفڵ و ھاچەری دەكرد و تەنیا كەسێك بوو كە ئەو ئیشەی دەزانی و ھەر ئەوەش بوو بە ھۆی وەیكە من و براكانیشمی فێركا، و ببێتە كار و پیشەی من و براكانم و تەنانەت منداڵەكانیشمان وە تا ئێستاش ھەر لەسەری بەردەوامین. لەبیرمە كاتێك كە زۆر منداڵ بووم بابم دووكانێكی ھەبوو، جا ھەموو كات ئەگەر قفڵیان بۆ دێنا چاكی كا، من كە لە دوو براكانم چكۆلەتر بووم قفڵەكەی دەدامێ و دەیكووت ئەگەر بیكەیەوە دەنكێك قورسی نەعنا (شیرنیات) دەدەمێ، منیش كە پێشتر باوكم فێری كربووم، لە خۆشی ئەو خواردنە یەك و دوو دەمكردەوە و دەمداوە بە بابم. ئیدی ھەر ئەوە بوو بە ھۆی وەیكە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر خولیای ئەو ئیشە بم و تێیدا زاناتر بم. وای لێھات ئیدی وردە وردە لە باوكم جیا بوومەوە و بۆخۆم دووكانم دانا و بە تەنیا دەستم بە كاركرد و ژیانی ھاوبەشیم پێك ھێنا. شوكور بۆ خودای دەكەم كە ھەموو كات شتی چاكی ھێناوەتە سەر ڕێگام و بۆخۆشم ھەموو كات مرۆڤێكی سادق بووم لەگەڵ خەڵك ئێستاش زۆر لە ژیانم ڕازیم و ھەست بە خۆشبەختی دەكەم.”