Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 10, 2020

“چەند ساڵێکە وەک کارمەندی گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل کار دەکەم، ویژدانم زۆر ئاسودەیە لە کارەکەم. من لە خاوەنەکانیان زیاتر ئاگاداری ئۆتۆمبێلەکانم. لە کاتی ڕاگرتن و جووڵە و هاتووچۆ، تا بتوانم هەوڵدەدەم تەنانەت بچووکترین شوختیشیان بەرنەکەوێت و زەرەرمەند نەبن. هەرگیز وەک هەندێک لە خەڵکانیتری هاوپیشەم، سەیارەی خەڵکی لەبەر سێبەر لانادەم تا سەیارەی دۆست و ناسیاو لە شوێنیان ڕاگڕم. قەت مافی ئەوەشم بەخۆم نەداوە لەناو توڕومبێڵی خەڵکی گوێ لە گۆرانی و میوزیک بگرم، خۆشم لەوە بەگەورەتر دەزانم سناپ و ستۆری لەگەڵ سەیارەی گرانبەها و سەرنج ڕاکێشدا بکەم. بەیانیان کە دێم بۆ سەر کارەکەم، گیرفان و کەمەری پانتۆڵم سەرتاپای سویچی سەیارەی گرانبەهایە، بەڵام ئێواران هەموو سویجەکان دەگەڕێنەوە دەستی خاوەنەکانیان، منیش بەدەستی بەتاڵ و دەرونێکی ئاسودەوە هێدفۆن دەخەمە گوێچکەم و وردە وردە بە شەقامەکاندا بەرەو ماڵەوە دەگەڕێمەوە.”