Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 12, 2020

“تازە گەیشتبوومەوە ماڵەوە و دەستمکرد بە خواردنی نانی نیوەڕۆ، لەناکاو گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەک بوو، هاوڕێیەکم هەبوو ناوی عامر بوو، زۆربەی کاتەکانمان بەیەکەوە بەسەر دەبرد، چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لەدەستی بدەم و یەکێک بێت لە قوربانییەکانی ناو تەقینەوەکە. کاتێک گوێم لە تەقینەوەکە بوو بەپەلە ڕامکرد بەرەو شوێنی تەقینەوەکە. ناوچەکە وێران ببوو و ئاگرێکی گەورە کەوتبووەوە، لاشەی زۆرم گواستەوە بەڵام بەهۆی زۆری سوتاوییەکانیانەوە نەمتوانی بیانناسمەوە، لە نەخۆشخانە عامری هاوڕێم ناسییەوە، تەندروستی زۆر خراپبوو و هاواری دەکرد، لە قامیشلۆوە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر بەو هیوایەی چاکبێتەوە، بەڵام جەستەی عامر بەرگەی ئەو هەموو سوتاوییەی نەگرت. کاتێک پێیان ڕاگەیاندم کۆچی دوایی کردووە ژیانم بە تەواوی گۆڕا، هەمیشە ئامۆژگاری دەکردم نوێژ بکەم، بەڵام بەردەوام خۆم لەو بابەتە دەدزییەوە. کاتێکیش کۆچی دوایی کرد وەک پەیمانێک بۆ ئەو دەستمکرد بە نوێژکردن. دوکانێکی نێرگەلەم کردەوە کە پێشتر بەنیازبووم ناوی بنێم جودی، بەڵام بڕیارمدا ناوی بنێم عامر، بۆ ئەوەی ناوەکەی هەمیشە لەبەرچاوم بێت.”