Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 16, 2020

” تەمەنم ١١ ساڵ بوو كە بۆ یەكەمجار جیاواز لە كتێبەكانی قوتابخانە كتێبم خێندەوە، ئەمیش كتێبی سینوھەی میسری بوو، ھەر چەند بابم پێی دەگوتم ئەو كتێبانە بۆ تەمەنی تۆ نابێ، جوابم نەدەداوە، شانازیم بە خۆم دەكرد كە ئێستا من لە ھاوەڵەكانم زیاتر دەزانم، بەردەوام كتێبم دەخێندەوە و وردە وردە پرسیارەكان لە ناو مێشكم خۆیان دەنواند بەڵام وڵامی پرسیارەكانم بۆ نەدەدیتراوە، ھانام بۆ بابم برد، -بابە، خودا چی و كێیە؟ -ڕۆڵە خودا پارچە نوورە و بەدیھێنەری ئێمەیە -ئێمە لە كۆێوە بەدی ھاتووین؟ -بە پێی فەرموودەی خودا، لە دایك و باوكی ئەوەڵ، حەزرەتی ئادەم و حەوا -كە مردین بۆ كۆێ دەچین؟ -كەس نازانێ… ئیتر ھەر ئەوەندە دە توانای باوكم دابوو و دەیان پرسیاری دیکە بێ وڵام مانەوە. ڕۆژێك مامم ھات بۆ ماڵمان، لەبیرمە ھێشتا مێرمناڵ بووم، ئەوجار ھێندێك پرسیارم لەوی كرد، فەرمووی ئەو پرسیارانەت فەلسەفییە و بۆ وڵام وەرگرتن باشتر وایە پێشتر خۆت بناسی كە ئەویش لە پێناو خێندنەوەی زیاتردایە.”

“پێم وابوو ئەگەر چووم بۆ زانكۆ و كۆمەڵێك كتێبم خێندەوە ئیتر دەبم بە مامۆستایێكی وێچوو و لێزان و وڵامی ھەموو پرسیارەكانم دەدۆزمەوە، ئێستاش پاش ڕابوواردنی نیوەی عومرم و تەنانەت وەرگرتنی بڕوانامەی ماستێری و خێندنەوەی كۆمەڵێك كتێبی جۆرواجۆر لە بواری فەلسەفی، ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی، ئایینی، مێژوویی، لێكۆڵینەوە و نووسینی چەن وتاری جۆراوجۆر و ھێندێك كاری ئەدەبی، پێم وایە ھەر قوتابیم و ھیچ نازانم، بەڵام تەنیا شتێكی پێی گەیشتووم لە ڕوانگەی ئانتۆلەژیاوە، لەوانەیە ئەو جیھانە ھێندێك ڕاستی تێدابێ بەڵام شتێكی بە مانای ڕاستەقینەوە باوەڕم پێی ھەبێ، مەرگە.”