Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 18, 2020

“ئێمە خەڵکی ماردینین، 10 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ئەوەی باری ئابووری سووریا جێگیربوو و هاتوچۆکردنیش لە تورکیاوە بۆ سووریا ئاسانبوو، بۆ دەستکەوتنی کار هاتینە قامیشلۆ. بەڵام بەداخەوە لەگەڵ هاتنی ئێمە جەنگ دەستیپێکرد. زۆر بیری خاکەکەمان دەکەین، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و داخرانی سنوورەکانەوە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ماردین و سەردانی کەسوکارمان بکەین. ئێمە دوو خووشک و سێ براین، زۆر حەزم لە خوێندن بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستبوو کار بکەم، لە پۆلی حەوت من و برایەکم وازمانهێنا. دایک و باوکم بەتەمەنبوون و نەیاندەتوانی کاربکەن. لە زۆر بواردا کارمکردووە بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووم تاوەکو ئەوکاتەی لەگەڵ برا بچووکەکەم عەرەبانەیەکمان کڕی و کۆکتێلمان دەفرۆشت، سوپاس بۆ خوا لەمەدا سەرکەوتووبووین. ژیانمان وەکو منداڵەکانی دیکە بەسەرنەبردووە، ئەگەر من و براکەم کار نەکەین ناتوانین بژێوی خێزانەکەمان دابین بکەین، ئەوکاتە دەبێت هاوکاری لە خەڵک وەربگرین.”