Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 22, 2020

“بەهۆی ئەو حەزەی بۆ چاککردنەوەی ڕادیۆ و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هەمبوو، وازم لە خوێندن هێنا. باوکم دەرمانخانەی کشتوکاڵیی هەبوو و لەگەڵ ئەو دەهاتم بۆ دوکان، بەڵام لەناو دوکانەکە نەدەمامەوە و بەهۆی حەزی زۆرم بۆ کاری ئەلکترۆنی، دەچوومە ئەو دوکانانەی تەلەفزیۆنیان چاکدەکردەوە و پرسیاری زۆرم لێدەکردن، ئەمەش یارمەتیدام و زۆر شتیان لێوە فێربووم. لە سەرەتادا کە دەستمپێکرد هەر شکستم دەهێنا و نەمدەتوانی کەلوپەلەکان چاک بکەمەوە، تاوەکو لە کۆتاییدا سەرکەوتووبووم و بە شێوەیەکی باش ئەو پیشەیە فێربووم. ئەوکاتەی دەستمپێکرد ئامێری وەرگرتنی کەناڵی ناوخۆیی زۆر کەمبوو و ئەوەشی کە هەبوو زۆر گرانبوو، بۆیە ئامێرێکم دروستکرد بۆ گەڕان بە دوای کەناڵە کوردییەکان، ئەوکاتە کەناڵێک هەبوو بەناوی مێد تیڤی و دەستمکرد بە پەخشکردنی بۆ خەڵکی گوندەکە و ئەمەش زۆر دڵخۆشیکردن. ئەمە یەکەم دەستکەوتم بوو. دوای تێپەڕێنی تەمەنم، ناتوانم وەک جاران کار بکەم لەبەر ئەوەی کاریگەری لەسەر بینینم هەبووە. هەلی کاری زۆرم بۆ هاتووە لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بەڵام من خاکەکەم جێناهێڵم و لێرە دەمێنمەوە”.