Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

December 28, 2020

“بوون بە شوفێری ئەمبوڵانس خەونی منداڵیم بوو. پێموابوو ئیشێکی زۆر پیرۆزە ببیتە هۆکاری ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێک. شوکور شەش ساڵە بەو ئاواتەم گەیشتووم، ئێستا لە بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ دەوام دەکەم. زۆر جار لە زۆر چاوپێکەوتن سوپاسی خەڵکی باڵەکایەتیم کردییە، لەکاتی شۆفێریم زۆر هاوکارم بووینە بۆ ئەوەی ڕێگام بۆ بکەنەوە، هەرچەند شوفێری واش هەیە لەگەڵ دەنگی توڕومبێڵی ئەمبوڵانس مشەوەش دەبن و بە تاخیری ڕێگام بۆ چۆڵ دەکەن، بەڵام ئەوەی ئازارم دەدات، ئەوەیە خەڵکانێکی ناهۆشیار هەست بەو بەرپرسیارەتییە ناکەن، ڕێگام ناکەنەوە و جگە لەوەش پێشبڕکێم لەگەڵ دەکەن، بینە پێش چاوت توڕومبێڵی دواوەت شوفێرەکەی خێرا لێدەخوڕێت بۆ ئەوەی گیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکات. بۆیە پێمخۆشە ئەو دیاردەیە بنبڕبکرێت، بۆ ئەوەی شوفێری ئەمبوڵانسەکە بتوانێت دەقەیەک زووتر نەخۆشەکە بگەیەنێتە شوێنی مەبەست و ڕزگاری بکات. بڕوابکەن نەوەک دەقەیەک، بەڵکو چرکەیەکیش بۆمنی شوفێری ئەمبوڵانس گرنگە، هەندێکجار ئەم چرکەیەش کەم نییە بۆ ئەوەی بتوانین گیانی کەسێک ڕزگار بکەین”.