Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 1, 2021

“سەیرم بەوەدێ زۆر جار لە تەلەفیزیۆن خەڵک هیوا بەسەدام دەخوازن. ئاخر ئەوەی لە زەمانی بەعس نەژیابێت نازانێت چەندە دڕەندەبوون. 41 ساڵ تەمەنم لە زەمەنی سەدام ڕۆژێک خۆشیم نەبینی. هەر کوشتن، لێدان، گواستنەوە و ئەنفالم بینی. تەنانەت کۆتا هاتنی ڕژێمیش هەر نەگبەتی بوو بۆ من. لە کۆڕەوەکە قاچم شکا، کوڕەکانم لە چەمچەماڵەوە تاوەکو بیارە بە عەرەبانەی سەوزە منیان ڕاکێشا. ئێستاش لەتاو ئازاری قاچم ناتوانم بڕۆم و لەماڵەوە کەوتووم. بەڵام شوکور هەموو ئەوانە تێپەڕین و ئێستا لەناو میلەت و حکومەتی خۆمان دەژین و بە ئازادی بە کوردی قسە دەکەین. ئەوە لای من هەموو دونیا دێنێ. لەگەڵ ئەوەی تەمەنم تێپەڕی و پیربووم بەڵام ژیانی ئێستام بە خۆشتر دەزانم لە ڕابردووم. تەنیا شت کە ئازارم دەدات لە ئێستادا ئەوەیە کە ڕۆژانە دەبینم ئەو هەموو ژنە دەکوژرێ. ئاخر نازانم ژنی داماو تاوانی چییە”.