Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 1, 2021

“کە منداڵبووم هیچ خوێندنگەیەک نەبوو لە گوندەکەمان. کاتێک بووم بە 16 ساڵ چووم بۆ حوجرە بۆ خوێندنی قورئانی پیرۆز، لەوێ بۆ یەکەمجار فێری نووسین و خوێندنەوە بووم، بەڵام نەمتوانی زۆر باش بم تێیدا چونکە تەمەنێکم کردبوو. ڕۆژێک لافاوێک ڕوویکردە گوندەکەمان (هەرەم شێخۆ)، بەرد و خۆڵی ئەو ناوەی هەموو لەگەڵ خۆی برد بەهۆی بەهێزییەوە و بارانێکی زۆری بەردەوام، هەمووی لە دۆڵەکەدا کۆبووەوە. دەستمکرد بە دەرهێنانی ئەو بەردانە لە دۆڵەکە و لەو بەرد و خۆڵەی لە دۆڵەکەدا کۆبووبوەوە دەستمکرد بە دروستکردنی خانوو. دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیریم کرد و منداڵمان بوو، کاتێک منداڵەکانمان گەورە بوون، چووین لە شار بژین لەبەر خوێندنی منداڵەکانم بۆ ئەوەی وەک من لە خوێندن دانەبڕێن. ئەو کاتەی کە کاری دروستکردنی خانووم دەکرد بە پاسکیل هاتووچۆم دەکرد، ئێستا 60 ساڵ تێپەڕیووە بەسەر ئەو کاتەدا و بووم بە 84 ساڵ، بەڵام هەر پاسکیل لێدەخوڕم و بەلای منەوە زۆر گرنگە. ئێستاش تەندروستیم زۆر باشە و هەموو ڕۆژێک دەڕۆم بۆ پارک و لەگەڵ هاوڕێکانم دەدانیشم و بەیەکەوە کات بەسەردەبەین”.