Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 3, 2021

“کاتێک لە قۆناغەکانی سەرەتایی بووم لە خوێندن زۆر حەزم بەوانەی وێنەکێشان بوو، بەلای منەوە وانەیەکی پیرۆز بوو، هەمیشە مامۆستاکەم هانی دەدام بۆ ئەوەی ڕەسم بکەم و پێی دەگوتم داهاتووم ڕوونە. بەردەوام بووم لە وێنەکێشان تاوەکو ساڵی 2015، لەو کاتەدا لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە ڕێگەیەکی تازەی وێنەکێشانم بینی، ئەویش وێنەی سێ ڕەهەندی بوو (3D)، دەستمکرد بە سەیرکردنی ڤیدیۆی فێرکاری وێنەی سێ ڕەهەندی، دەمویست فێری شتێک ببم کە لە ناوچەکەی ئێمە کەم بێت. بۆیە یەکەم کەس بووم لە ناوچەکەی خۆمان وێنەی سێ ڕەهەندیم دەکێشا، ئەمەش وایکرد زیاتر گەشە بە خۆم بدەم. لە یەکەم هەوڵمدا سەرکەوتوو نەبووم بەڵام کۆڵمنەدا. بۆ یەکەم جار بەشداریمکرد لە پێشانگەیەک، بەڵام ڕەسمەکان سەرنجی کەسی ڕانەدەکێشا و بەدڵیان نەبوو، چونکە وێنەکانی من دەبێت لەسەر مێز بێت نەوەک بە دیوارەوە هەڵبواسرێن. ئەگەر هەڵبواسرێن تایبەتمەندی لەدەست دەدەن و خەڵکی بە وێنەی ئاسایی دەیانبینێت. زۆر بەمە بێزار بووم بەڵام خێزانەکەم بەردەوام بوون لە پاڵپشتیکردنم بۆ ئەوەی سەرکەوتووبم. ئێستا لە بەشی ئەندازیاری تەلارسازی دەخوێنم لە زانکۆی قورطوبە، وە وێنەی سێ ڕەهەندی زۆر یارمەتیداوم لە دەرسەکانمدا بەهۆی ئەوەی ئەو دوو شتە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە”.