Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 7, 2021

“ساڵی 2003 تەعین بووم لە بەشی پۆلیسی دارستان لە قەرەداغ. بەهۆی ئەوەی خۆم زۆر عاشقی سروشت بووم، ئیتر کارەکەم زۆر خۆشدەویست. ناوچەکەی ئێمە پڕە لە کەو و پۆڕ، هەرکەسێ ڕاوی بکردنایە من ئەمگرت و نەمدەهێشت ئەو سروشتە جوانە بشێوێنێ. بەداخەوە چەندینجار تووشی کێشە بووم لەگەڵ کەسی پلەدار و بەرپرس بەهۆی ئەوەی ئەوانەی دەستگیرم دەکردن خزم وکەسوکاری ئەو بوون. ئیتر بەناچاری وازم لە پۆلیسی هێنا و دەستمکرد بەئاژەڵداری. بەڵام ئێستاش ئەوەنە سروشتەکەم لا پیرۆزە هەرکەسێ ڕاو بکات دەسەڵاتم لەسەری هەبێ نایەڵم. ئەگەر دەسەڵاتیشم نەبێ تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەم و شکاتی لێدەکەم. نەمهێشتووە هاوڕێی و میوانی خۆم لەو ناوچەیە ڕاو بکەن. بەداخەوە لادێکان چۆڵ بوونە، ئێستا زۆرینەیان لەشار دەژین پێیان وایە تەنیا لە شار و بە مەعاش ژیان دەگوزەرێ. باوەڕبکەن 10 سەر وڵاخ بکڕی لەلادێ بژێویت دابین دەکەی. جگەلەوەش ئەو ئاژەڵداری و جوتیارییەش بەرهەمەکانیان هەموو دەبنە ژێرخانێکی ئابووری بۆ وڵاتەکەمان”.