Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 7, 2021

“لە منداڵییەوە و حەزم لە مۆسیقا و گۆرانی بووە، خەونم ئەوە بوو کە گەورە بووم ببم بە ژەنیار، خوشکەکەم پاڵنەر و سەرچاوەی ئەو حەزەم بوو لەبەر ئەوەی ئەو ژەنیاری کەمان بوو وە خێزانەکەشمان ڕازیبوون. دەنگم خۆشبوو لەبەر ئەوە دەستمکرد بە گۆرانی وتن، گۆرانیم زۆر دەوت و باوکم پشتگیری دەکردم و بڕیاریاندا گرنگی بە بەهرەکەم بدەن، پێشنیاریان بۆ کردم کە خۆم فێری ساز بکەم، لە تەمەنی 13 ساڵیدا کە خوێندکار بووم، فێری ژەنین بووم و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر هەوڵمدەدا لە خوێندن و لە یەکەمەکانی خوێندنگە بووم، بەردەوام بووم لەسەر ژەنیاری و ئاستم زۆر باش بوو. ئێستا خۆم ئامادە دەکەم بۆ تاقیکردنەوەی بەکەلۆری کە داهاتووی خوێندنم دیاریدەکات، دەبێت خۆم زۆر هیلاک بکەم و هەوڵبدەم، بۆیە ئێستا تەرکیزم لەسەر خوێندنە و وازم لە مۆسیقا هێناوە. بەڵام نە واز لە مۆسیقا ئەهێنم بە یەکجاری، نە خوێندن. دەمەوێت نمرەی زۆر بەرز بهێنم بۆ ئەوەی خێزانەکەم شانازیم پێوە بکەن لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ببم بە هونەرمەند بۆ ئەوەی شانازی بە خۆمەوە بکەم”.