Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 9, 2021

“دوکانێکم هەیە و پیشەکەم گۆپاڵفرۆشییە، لێرە من تاکەکەسم ئەو کارە دەکەم. سەرباری ئەوەی تەمەنم زۆرە بەڵام تاوەکو ئێستا من هەڵگری گۆچان نیم و خۆم بەکاری ناینم. زۆرجار کە دەبینم کەسێک دێت یەکەمجاریەتی گۆچان دەکڕێت و ناچارە بۆ لەمەودوا ببێتە هەڵگری، دەزانم چەند ناخۆشە بۆی و لێی تێدەگەم، خۆم زۆرجار ئەوەم تاقی کردۆتەوە گۆپاڵم هەڵگرتووە بۆ ئەوەی هەست بکەم ئەوانەی بە گۆچان ڕێ دەکەن چ هەستێکیان هەیە، دەزانم زۆر ناخۆشە دارێکی وشکی بێ گیان بۆ هەتا هەتایە ببێتە هاوڕێی تەمەنت، ئەم تاقیکردنەوەم هەر نابێتە ئەوەی کە بەڕاستی وابم، هەمیشە سوپاسی خوام کردووە لەسەر ئەم تەندروستییەی هەمە و نەگەیشتوومەتە ئەو حاڵەتەی ناچاربم گۆچان هەڵگرم. ڕاستە ئەوە پیشە و کەسابەتی منە و بژێوی ژیانم لەسەر گۆپاڵفرۆشتنە، بەڵام هەندێکجار ئەو دوعایەش دەکەم کە هیچ کەسێک بەهۆی نەخۆشی و دەردی پیری ناچار نەبێت گۆچان هەڵگرێت، ئامۆژگاری خەڵکیش دەکەم تا دەتوانن هەوڵدەن پشت بەوە ببەستن بە قاچەکانی خۆتان بڕۆن و ڕێبکەن نەوەک زوو بیر لە هەڵگرتنی گۆچان بکەنەوە”.