Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 15, 2021

“کاتێک تەمەنم 12 ساڵان بوو، بەهۆی بارودۆخی دارایی و ئەو عادات و تەقالیدەی ئەو کاتە خێزانەکەم لە مەکتەب دەریانهێنام. دابڕانم لە خوێندن کاریگەرییەکی سلبی لەسەر ژیانم هەبوو، وەک کچەکانی تر نەبووم کە لە گەڕەکەکەماندا دەژیان. دوای واز‌هێنانم ڕۆمان و چیرۆکم دەخوێندەوە لەبەر ئەوەی زۆر حەزم لە خوێندنەوە بوو. دوای دەستپێکردنی شۆڕش لە رۆژئاوا لە خولی زمانی کوردی خۆم ناونووس کرد، هەر سێ قۆناغی زمانەکەم تەواو کرد و بڕیارمدا ببم بە مامۆستا، بەڵام کارمەندەکە پێی وتم ناتوانم لەبەر تەمەنەکەم. زۆر بێتاقەت بووم، هەستمکرد کە هیواکانم و تەمەنم ڕۆیشت و ناتوانم هیچ شتێکی تر بکەم لە ژیانمدا. ڕۆژگار تێپەڕی و کچەکەم گەیشتە زانکۆ، لەگەڵیدا ڕۆیشتم بۆ زانکۆ بۆ پێشکەشکردنی پەڕاوەکانی، باسی ژیانی خۆمم بۆ بەرپرسی زانکۆکە کرد، داوای لێکردم داواکاری پێشکەش بکەم بۆ ئەوەی لە زانکۆ تۆمار بکرێم، زۆر دڵخۆش بووم، هەستمکرد جارێکیتر هیوام بۆ گەڕایەوە. هاوسەرەکەم و خێزانەکەم پاڵپشتییانکردم کاتێک زانییان دەتوانم بە هیواکانم بگەم. لە ئێستادا لە زانکۆی ڕۆژئاوا دەوام دەکەم لەگەڵ کچەکەمدا و زۆر دڵخۆشم”.