Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 16, 2021

“ئەگەر لە سەرەتاوە نابینا بیت لەگەڵ وەزعەکەی باشتر ڕادێیت، بەڵام من بەوە قەناعەتم هەیە کە خودا هیچ شتێکت بەسەر ناینی ئەگەر لە چارەت نەنووسرابێت. ئەم دونیایەش ساغبیت یان نا هەر جێیدێڵیت، گرنگ ئیمانی خۆت لەدەست نەدەیت و بەبێ ئیمانی نەمریت. سوپاس بۆ خوا لەوەندەی کە ژیاوم و بیناییم هەبوو، هەتا گەنج بووم کەسم ئەزیەت نەداوە هەتا ئەو ڕۆژەی ژن و ماڵیشم پێکهێنا خراپەم نەبووە و هەمیشە گونجاوم. دوای ئەوەشی کە بیناییم لەدەستدا خۆم لەوە ڕاهێنا شتەکان ون نەکەم و بیانناسمەوە. لە دائیرە دەوامم دەکرد و خەڵکم زۆر دەناسی، خەڵک هەیە ئێستا بەس گوێم لە دەنگی بێت دەیناسمەوە. لە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ کەسێک عەسکەر بووم چل ساڵ یەکترمان نەبینیەوە، هەر کە بەیەکتر ئاشنابووینەوە بەدەنگی ناسیمەوە، کەسێکیتریش سی ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ یەک قوتابی بووین، لەم ماوەیە کە منی بینیەوە بە دەنگی ناسیمەوە و زانیم ئەوە ئەو کەسەیە کە پێشتر هاوپۆلم بوو”.

“بەیانییان کە دەڕۆم بۆ مزگەوت و دەگەڕێمەوە خۆم دەشۆم، بۆ جلوبەرگ کەس لەخەو هەڵناستێنم، دەتوانم ڕیشم بتراشم و جلوبەرگی خۆم ببینمەوە و لەگەڵ خۆم بیانبەم بۆ گەرماو، تەنانەت جلوبەرگیشم دەناسم و دەزانم کامەی کامەیە. ڕاستە دەمێکە بیناییم لەدەست داوە، بەڵام تا ئێستاش رەنگەکان دەناسمەوە، دەزانم لە پاییزان گەڵا زەرد دەبێت و لە بەهارانیش سەوز، دەزانم چی شتێک رەنگی سورە و کامەش سپی و ڕەش، هەندێکجاریش بە دەستلێدان دەزانم ئەوە فیلان شتەو ئەمەش فیسال. خەون بینینیشم وەک کۆنە، بۆ نموونە پێشتر ئەفەندییەکم بە قات بینیەوە ئەگەر ئێستاش خەونی پێوە ببینم بە هەمان شێوەی کۆن دێتەوە خەونم، ژنێک جلی کوردی لەبەربووە هەر بە جلی کوردی و شکلی کۆنی خۆی دێتەوە خەونم، لە خەونەکانم چاوساغم و بە شێوەی کۆن شتەکان دەبینمەوە. دوای ئەوەی بینایم لەدەستدا دوو سێ بووکمان هێناوە، دەپرسم شێوەیان لەکێ دەچێت؟ کە دەڵێن بە فیلان کەس دەچێت، وەک ئەو شێوەی دێتە بەرچاوم. بەهرەیەکی خواییم هەیەو فیکرم باشە، دەڕۆم بۆ دەرەوە و لەسەر شەقام پیاسە دەکەم و پێویستیشمم بەکەس نییە”.