Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 19, 2021

“لە منداڵییەوە زۆر هەوڵمدەدا و زۆر باشبووم لە وانەکانمدا، ئاواتم بوو کە گەورە بووم ببم بە دکتۆر. هەمیشە دەیانوت مرۆڤ کە گەورە دەبێت خەونەکانی بچووک دەبنەوە بەڵام من بڕوام بەم قسەیە نەبوو، ئەوەی زیاتر هانیدام لە ساڵی 2015 کاتێک تەقینەوەکەی نەورۆز ڕوویدا باوکم لەوێ بوو، وە یەکێک بوو لە قوربانییەکان، بردمان بۆ نەخۆشخانە و لەوێ زۆر کەسم بینی بریندار بوون، وە ئەو کەموکورتییانەی هەبوون، ئەمە زیاتر هانیدام کە بمەوێت ببم بە دکتۆر. باوکم دەست و قاچی بریندار بوو، بەهۆی ئەوەی درەنگ نەشتەرگەری بۆ کرا دەستی تووشی شەلەل بوو. باوکم چیتر نەیدەتوانی کار بکات بەهۆی ئەوەوە، بۆیە بڕیارماندا بڕۆین بۆ کوردستانی باشوور بۆ دۆزینەوەی کارێکی گونجاو بۆی، ماوەیەک لەوێ ماینەوە بەڵام خۆمان بۆ نەگیرا و گەڕاینەوە بۆ سوریا. ئەو کاتە خوێندکاری دواقۆناغ بووم و دەبوایە دەرەجەی بەرز بهێنم بۆ ئەوەی لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرێم”.

“لەهەمان ساڵدا کێشەی زۆر ڕوویدا و داعش هاتە ناوچەکانمان و نزیک بوو لە ماڵمانەوە بۆیە بە ناچاری چووین بۆ قامیشلۆ، سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە و دۆخی و ئەمنی وازم لە ئامانجەکەم نەهێنا و هەوڵمدا و تاقیکردنەوەکانمدا و لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام لە دیمەشق. زۆر دڵخۆش بووم و خێزانەکەم زۆر شانازییان پێوەدەکردم لەبەر ئەوەی وازم لە ئەمانجەکەم نەهێنا. چوومە زانکۆی دیمەشق و لەوێ کۆمەڵێک نەهامەتی غەریبی ڕوویتێکردم، کچێکی تەمەن 18 ساڵان بووم و بەتەنیا بووم دوور لە خێزانەکەم لە کاتی قەیران، جەنگ و ناسەقامگیری ئەمنیدا. وەک کچێک زۆر قورس بوو خۆم بژیەنم. بە زۆر بارودۆخی ناخۆشدا تێپەڕیم بەڵام دەستبەرداری خەونەکەم نەبووم و بەردەوامبووم. ئێستا شەشەم ساڵمە لە کۆلێژی پپزیشکی و دەبم بە دکتۆر بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵکی بدەم و هەوڵدەدەم ئەوەی بەسەر باوکمدا هات بەسەر کەسی تردا نەیەت. دەرسێک فێربووم لە ژیاندا، هەرگیز بارودۆخ کۆنترۆڵی مرۆڤ ناکات، دەبێت کاریگەرییەکی ئیجابیمان هەبێت، بۆ خۆمان یان کەسانی تر، ئەگەر حەزت لە شتێک بێت پێی دەگەیت بە هەوڵ و ئیرادە”.