Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 23, 2021

“تەمەنم 67 ساڵە، خۆم کوردی ڕۆژئاوام و لەدایکبووی کۆبانێم، بەڵام ئەوە هەشت ساڵە لە هەولێر دەژیم. حەزم لە گوڵە بەتایبەت ڕەنگەکانی، لەناو ڕەنگەکانیش سور و سپی. بەیانییان کە لە ماڵ دێمەدەر لەسەر شەقامەکانی هەولێر پیاسە دەکەم، هەندێکجاریش ڕوو دەکەمە بازاڕ. لە شوێنێکی بازاڕ دادەنیشم و گوڵی دەستم بۆن دەکەم و سەیری خەڵک دەکەم، لە ڕێبواران ورد دەبمەوە و گوێ لە شێوەزاری ئاخافتنیان دەگرم، دەمەوێت بزانم بەشێوەی قسەکردنیان خەڵکی کوێن. کە دەزانم کوردی ڕۆژئاوایە هەوڵدەدەم لێی بپرسم داخۆ خەڵکی کام شار و گوندی ئەم ناوچەی کوردستانە، هەر کە گوێم لە ناوی کۆبانێ دەبێت هەندێکجار دەگریم و هەندێکجاریش وا هەست دەکەم لەسەر ئاوی کەوسەر وەستاوم و خەریکم تینوێتی بێ وڵاتیم دەشکێنم”.