Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 29, 2021

“لە هەموو شتێک زیاتر لەوە دەترسم کە بنەماڵەکەم لەدەستبدەم، بۆیە نەمتوانی لێیان دووربم و دوای ئەوەی کە دەرس و زانکۆم تەواوکرد، هاتمەوە بۆ گوندەکەمان بۆلای بنەماڵەم. خۆشترین کاتی ژیانم ئەو کاتانە و ئەو چرکانەیە کە بتوانم مرۆڤێکی بەسوود بم بۆ دنیا. بۆیە زۆربەی کاتم بۆ خزمەت بە خەڵکی و گوندەکەم داناوە کە ئێستا بەرپرسیانم، بەتەواوی خۆمم لە بیرچۆتەوە و ئەمە بێزارم دەکات. بێزار ئەبم ئەگەر بە ئامانج و ئاواتەکان نەگەم. هیچ شتێک لەم ژیانە نەیتوانیووە ڕێگری بکات و ئازارم بدات جگە لە کات. لەو ماوەیەی کە بۆمەتە بەرپرسی گوند، تا ئەو جێگە کە توانیوومە بە فکری خەڵکدا بووم بە تایبەت گەنجەکان. باشترین کارێک کە لە گوند کراوە رێکخستنی زەوی فۆتبال بوو لە باشترین جێگەی گوند. زۆربەی مناڵان و گەنجانی گوندەکە دەڕۆنە ئەوێ و سەرگەرمن، و زۆر دڵخۆشن بە کایە لە ئەوێ”.