Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 30, 2021

“هیچ کاتێک له ژیان نائومێد نەبووم و قەت حەسرەتم بۆ پول و ماڵ نەخواردووە، بەس لەشێکی ساغ و ژیانێکی خۆشم لەگەڵ بنەماڵەکەم هەبێت. هەموو کارەکانم له کاتی خۆیدا دەکەم، بۆیە حەسرەتم نەخواردووە و نیمە بۆ کارێک که نەمکردووە. قسەی کەس له دڵ ناگرم و مرۆڤێکی ساده و دڵپاکم. به بڕوای من هەموو کەسێك له ژیانیدا ترسی له شتێک هەیه، من وەکو خۆم له ژیانی ئەمڕۆدا له مردن دەترسم و دڵەڕاوکیێم هەیە. له دوا تەمەنی 21 ساڵییەوه که دەستپێکی ژیانێکی تازەبوو بۆ من تەواو پێویستبوو کە هەڵسوکەوتەکانی خۆم بگۆڕم و وەکو خانمێک ڕەفتار بکەم. هاوسەرگیری ئەوەڵجارم به خۆشەویستی نەبوو، بەڵام دووەم به خۆشەویستی بوو، ئێستاش زۆر دڵخۆشین بەیەکەوە. بە ڕای من ژیان ئەبێ وابێت و حەیفە تەواوی تەمەنت بە حەسرەت بۆ هاوسەرێکی باش بە سەر نەبەیت. ئەوەی کە خۆت نەجات بدەیت لە ژیانێکی کە خۆشەویستی تێدا نییە زۆر گرینگە، دوو کوڕم هەیە و ئێستا ئاواتمان ئەوەیه کچمان هەبێت چونکە کچ لای ئێمە ڕووناکی ماڵە. فەخر دەکەم کە دایکم و هەم ژنم و هەم هاوسەر، له لای من هیچ فەرق لەنێوان ژن و پیاو نییه و مافەکانیان بەرامبەرە بۆیه ئاوات ناخوازم پیاو بایم”.