Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 4, 2021

“باوکم ناوی من و خوشکەکەمی لە 11 ساڵییەوە لە فێرگەی تایکواندۆ تۆمارکرد، بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و فێربوونی هونەرەکانی شەڕکردن. ڕەخنەمان زۆر لێدەگیرا لەلایەن کۆمەڵگەوە بەڵام خێزانەکەم پشتگیرییان دەکردین و سەرکەوتوو بووین. بەشدارییمان کردووە لە زۆر پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی. یەکەم بەشداریمان لە شاری ئۆردۆی تورکی بوو کە مەدالیای ئاڵتوونم بەدەستهێنا، ساڵی 2019 بەشداریمکرد لە پاڵەوانێتی عومان لە ئوردن لەوێش مەدالیای ئاڵتوونم بەدەستهێنا و لە ساڵی 2019 پلەی سێیەمم بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی بەیروتی کراوە، لە 2018 بەشداریمکرد لە پاڵەوانێتی هەولێر و مەدالیای ئاڵتوونیم بەدەست هێنا. ساڵی 2020 بڕیاربوو بەشداری بکەین لە پاڵەوانێتی بەرلین و مالیزیا، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا نەمانتوانی بڕۆین و بەشداری بکەین. ساڵی 2016 تەقینەوەیەک ڕوویدا لەلای فێرگەکەمانەوە و دوو لە هاوڕیکانمان لەدەستدا، زۆر ناخۆش بوو بۆ هەموومان، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک بێ هیوا نەبووین و زیاتر هەوڵماندا. لەگەڵ ئەوەی یاریزانی تایکواندۆم لە کۆلێژی زانست دەخوێنم لە زانکۆی فورات. ئێستا لە قۆناغی سێیەمم و تەنها یەک ساڵم ماوە زانکۆ تەواو بکەم، بڕوام بە خۆم هەیە و زۆر دڵنیام دەتوانم سەرکەوتوو بم لە زانکۆ و لە تایکواندۆش”.