Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 6, 2021

“21 ساڵ بووم کاتێک لەساڵی 1988 ئەنفال دەستیپێکرد. قەت بیرمناچێت پێنچ برا و سێ برازام بەبەر چاومەوە ئەنفالکران. ئێمەشیان هەموو بردە سجنی دوز و پاشان بۆ تکریت. شەش مانگ و دوازدە ڕۆژ دوور لە دایکم و کەسوکارم لەو سجنانە بەس خوا دەزانێ چیم چەشت. ئەوەندە دەترسام و بیری دایکمم دەکرد خەریکبوو شێت دەبووم. لەتاو بێکەسی و دڵتەنگی ناوی دایکمم لەسەر دەستم کوتی لەناو سجن. دواتر کە ئازادکراین و هاتینەوە چەمچەماڵ زۆری پێنەچوو باوکم کۆچی دواییکرد. برینی ئەو ساڕێژ نەبووبوو، شەهیدبوونی برا پێشمەرگەکەشمی هاتەسەر. تاکە کەس مابوو کە پێوەی هۆگربم دایکم بوو، بەداخەوە ئەویش پێنچ ساڵێک بەر لەئێستا مرد. ئێمە ئەنفالمان دیت و باجی کوردایەتیماندا کەچی ئێستا کێ ئێمەی لە بیرە؟ تەنانەت تا ئێستا هەویەی زیندانی سیاسیشم نییە”.