Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 8, 2021

“ژیانی من ڕەنگە لەگەڵ بەشی زۆری کەسانی سەر ئەم زەمینە بێبەزەییە جیاوازتر بێ. هەر لەمنداڵییەوە تا ئێستا لەهەوڵدام بۆ گەیشتن بە خەونەکانم و هەر ڕۆژە و یەکێک لە خەونەکانم بەبەرچاوی خۆمەوە دەمرێ و لەناو دەچێ. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵمنەداوە و ئومێدم هەیە بەیانییەک بێت و هیچ نەبێ یەکێک لە خەون و ئاواتەکانم بێنمە دی. دوای ئەوەی پۆلی 12م تەواوکرد، نمرەی کەمم هێنا و ناچار لە ماڵ مامەوە و خوێندنم تەواونەکرد ،کە خەونی گەورەی من بوو ڕۆژێک ببمە خاوەن شەهادەی خۆم و کار بکەم. زیاتر گەورەبووم و لەوە گەیشتم خوێندن و شەهادە لەم وڵاتە بێبایەخە. فۆتۆگرافی حەزی من بوو، دوای خوێندن بەهۆی ئەوەی لەم کۆمەڵگایە خێزانەکان ڕێگری سەرەکی خەونی مناڵەکانیانن بەتایبەت کچەکان، نەمتوانی کاری لەسەربکەم و وەک پیشەی خۆم تێیدا بەردەوامبم ئەمە جگە لەوەی چەندان حەز و ئاواتی ترم هەبوون و نەهاتنەدی. ئێستا خەریکی کاری بەرگدووری و ئیشی دەستیم بۆ خانمان، لەگەڵ خوشکەکەم بەیەکەوە کاردەکەین و هیوادارم ڕۆژێک بێت و ئەو کارەم گەورە بکەم و ببێتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی خەونەکانی ترم. ژیان نەوەستاوە، کەواتە ئێوەش مەوەستن و هەوڵ بدەن ڕۆژێک هەر بە خەونەکانمان دەگەین”.