Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 15, 2021

“دوای تەواوکردنی ئامادەیی چوومە بەشی تاقیگە، لەوکاتەدا بارودۆخی وڵات باش نەبوو، گوزەران خراپ بوو وە بەهۆی جەنگەوە خزمەتگوزاری کەم بوو. لەپاڵ خوێندنەکەمدا بڕیارمدا کاری خۆبەخشی بکەم. کۆمەڵێک هاوڕێم کۆکردەوە و بەبێ پاڵپشتی هیچ لایەنێک دەستمانکرد بە یارمەتیدانی خەڵکی. هەرچەندە سەرچاوەکان کەم بوون، بەڵام یارمەتیدان بە شتێکی کەمیش بێت لەوانەیە خەندە بخاتە سەر لێوی کەسێک. خواردنمان بۆ کەسانی کەم دەرامەت و ئاوارەکان دابیندەکرد. دوای ئەوە چووم کارم بۆ کەنیسە کرد، پڕۆژەیەکم پێشکەشکردن و بەدڵیان بوو، پڕۆژەکە بریتیبوو لە دانانی کورسی لە شاری حەسەکە بۆ ئەوەی کەسانی بەتەمەن کاتێک هیلاک بوون دانیشن ئیسراحەت بکەن. دوو ساڵ پێش ئێستا لەکاتی هێرشەکان بۆسەر شاری رائسلعەین، خەڵکێکی زۆر کۆچیان کرد بۆ حەسەکە و لە ناو خوێندنگەکاندا دەژیان و هەندێکیشیان هیچ شوێنێکیان نەبوو، بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ کاری خێرخوازی و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێمدا لە پارەی خۆمان جلمان بۆ ئاوارەکان کڕی و پێداویستی منداڵەکانمان دابینکرد”.

“کارەکان زۆر قورسبوون و زۆر هیلاکی دەکردین، بەڵام ئەو خۆشییەی لەسەر ڕووخساریان دەردەکەوت هەموو هیلاکییەکی لەبیر دەبردینەوە. خوێندنم تەواوکرد و لە بوارەکەی خۆمدا دەستمکرد بە کار لە تاقیگە. ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە و لە بەشی فریاکەوتنی کۆرۆنا کارمدەکرد، سامپڵمان وەردەگرت و فەحسمان بۆ ئەو کەسانە دەکرد کە گومانیان لێدەکرا تووشبووبن. بۆیە کارەکە ترسناک بوو بۆ ئێمە چونکە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆمان هەبوو لەگەڵ نەخۆشەکان. ئیمە هێڵی بەرگری یەکەم بووین دژی نەخۆشییەکە و لە هەموو کەس زیاتر مەترسی تووشبوونمان لەسەر بوو. هەرچەندە هەلی سەفەرکردنم بۆ دەرەوەی وڵات هاتە پێش بەڵام ڕەتمکردەوە، چونکە خەڵکەکەمان لەم کاتانەدا پێویستیان پێمانە. هیوادارم ئەو گەنجانەی کە سەفەریان کردووە بگەڕێنەوە و یارمەتیدەربن لەم کاتە سەختانە و بنیاتنانی نیشتمانەکەمان”.