Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 18, 2021

“لە شاری عەفرین لەدایکبووم، لە پەیمانگای تەکنیکی دەمخوێند لە زانکۆی حەلەب، بەڵام بارودۆخی حەلەب ڕێگەی نەدا خوێندنەکەم تەواو بکەم و بەشێوەیەکی کاتی لە خوێندن وەستام. گەڕامەوە بۆ عەفرین و لە کۆلێژی ئەدەبی کوردی خۆم تۆمارکرد لە زانکۆی عەفرین. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە بەرواری 20/1/2018 نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم. دوای داگیرکردنی عەفرین ڕۆیشتم بۆ قامیشلۆ و چوومە زانکۆی ڕۆژئاڤا. توانیم لەوێ زانکۆ تەواو بکەم و بڕوانامەی ئەدەبی کوردی بەدەستبێنم. لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی 10 ساڵە لە بواری شانۆدا کار دەکەم، شانۆی زۆرم نووسیووە و کاری دەرهێنانم بۆ کردوون. چوار جار خەڵاتکراوم لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شانۆییەکمان کرد بە ناوی “ڕۆحە سووتاوەکان” لە نواندن و دەرهێنانی خۆم بوو، کە باسی لەو ڕۆژە دەکرد کە هێزەکانی تورکیا دەستیانکرد بە داگیرکردنی شارەکەم عەفرین. ئەوەی زۆر بێتاقەتم دەکات هێرشەکانی تورکیا لە هەمان ڕۆژی لەدایکبوونم بوو کە (20/1/1991)ە، کە هەموو ساڵێک هێرشەکانی تورکیام بیردەخاتەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانم هەبووە، چیتر ئاهەنگی لەدایکبوون ناگێڕم تاوەکو شارەکەم بە تەواوی ئازاد نەبێت”.