Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 19, 2021

“کاتێک گەنج بووم وهێشتا هاوسەرگیریم نەکردبوو ژیانم زۆر خۆش بوو زۆرم حەز له چنین بوو هەربۆیه خەریک کلاو و گۆرەوی و شت چنین بووم دواتر که هاوسەرگیریم کرد و به قسەی کەس و کارانم کرد و مێردم کرد، یەکترمان نەدناسی بۆیه به خۆشەویستی نەبووە بەڵام دواتر یەکترمان زۆر خۆشویست ئەوکاتی که شوم پێکرد سەربازی نەکردبوو بۆیه سێ مانگ دوای هاوسەرگیریمان رۆیشت بۆ سەربازی دوو ساڵ لەوێ بوو له ئەو دوو ساڵەدا تەنها دوو جار هاتووەتەوه بۆ ماڵەوه چونکە ئەو وەخت رگایان نەدەدا وەکو ئێستا زوزو بێنەوە، هەربۆیه بۆ من زۆر ناخۆش بوو چونکە تازه بوک بووم و ‌هیچ کەسیشم نەدەناسی چونکە خەڵکی دێهاتێکی تر بووم ئەو ڕۆژانه سەختی و ناخۆشی زۆرم چەشت. کچێکی ژیر و ئازا بووم هەموو کارەکەم دەکرد دەچووم بۆ هەوار، هەموو کارەکان بەخۆم دەمکردن و زۆر ماندوو بووم کاری دێهاتیش که هەمیشه سەخت و زۆره خەسووشم منداڵەکانی هەموو وردیله بوون و دەبوایه ئاگاداری ئەوانیش ببم ئاوا ژیانمان دەچوو بەرەو پێش”.

“دوای ئەوەی که هاوسەرەکەم بڕیاریدا که ماڵبگوازینەوە و دوو به دوو ژیانێکی تازه دەست پێبکەین، که جودابووینەوه هیچمان نەبوو هیچ شتەک. خەزوری خوالێخۆشبووم پێش ئەوەی عمری خودا بکات گوتبووی که دەبێ ماڵەکەمان بدەنێ بەڵام هاوسەرەکم گوتی نامەوێ ئەوه حەقی ئەو منداڵانەیە هەربۆیه به هەوڵ و تێکۆشانی خۆم و کارکردنی هاوسەرەکەم ورده ورده کارمان کرد من خۆم به چنینی کلاو و گۆرەوی و فرۆشتنی وان ماڵمان دروستکرد. له ژیانمدا هیچ کات له هیچ نەترساوم بەڵام ئێستا دەترسم، ئێستا که تەمەنەکم ڕۆشتووه لەوه دەترسم بکەومه سەر زەوی و قاچەکانم لەدەست بدەم، که پیر بووی نەخۆشی زۆر سەر هەڵدەدات لێت، ئێستا چاوم ضعیفە، چەوریمه زۆر نەخۆشم ئێستا به ئاواتم بچم هەتا دەرەوه بەڵام ناتوانم و دەبێ لەسەر چنگان برۆم و سەخته بۆم دەترسم لەوه زیاتر نەخۆش کەوم و بکەوم سەر جێگا ئەوکات کەس نیه به هاوسەرەکەم رابگات، هیچ کەسمان نیه دوو به دووین قسمەت نەبووه منداڵمان هەبێت، شەو و رۆژ کارم گریانه دەڵێم خودایه بۆچی منداڵێکت پێنەبخشیم منداڵ رووناکی ماڵه بەڵام بەداخەوە هەرگیز بەنسیبمان نەبووە ئەوەش ناخۆشترین شتی ژیانی منه”.