Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

February 23, 2021

“ساڵی 1959 هیچ خوێندنگەیەک لە گوندەکەمان نەبوو، بۆیە باوکم من و براکانمی نارد بۆلای شێخ بۆ ئەوەی فێری خوێندن و خوێندنەوە بین، ئەو کات لە مزگەوتەکان قورئان دەخوێندرا. لەناو هەموو خوێندکارەکاندا من و سێ کەسی تر زۆر هەوڵماندەدا، توانیمان لە ماوەی چوار مانگدا قورئان خەتم بکەین بەڵام خوێندکارەکانی تر نزیکەی ساڵێک یان زیاتریان پێچوو. دوای نزیکەی ساڵێک خوێندنگەیەک کرایەوە لە گوندێک لە نزیکمان و باوکم بردمی بۆ ئەوەی لەوێ دەرس بخوێنم، لەوێ مامۆستاکە تاقیکردنەوەیەکی کردم و وتی تۆ دەبێت لە قۆناغی دووەم بیت و پێویست ناکات قۆناغی یەکەم بخوێنیت بەڵام باوکم قبوڵینەکرد. چوومە قۆناغی یەکەم و مامۆستاکان خۆشیان دەویستم و ئەوان گرنگییەکی تایبەت بەو خوێندکارانە دەدەن کە هەوڵدەدەن، تەنانەت هەندێک جار دوای دەوام ئێواران بانگیان دەکردم و زیاتر شتیان فێردەکردم و زیاتر هانیان دەدام بۆ خوێندن”.

“بیرمە کە ڕۆژانی پشوو یاریم دەکرد لە خێزانەکەم نەدەترسام بەڵکو لە دەترسام مامۆستاکانم بمبینن کە یاری دەکەم لەبری ئەوەی سەعی بکەم، دواتر لێم ڕازی نەبن. چوومە قۆناغی چوارەم و بارمان کرد بۆ شاری عامودا و لەوێ نیشتەجێبووین، قۆناغی سەرەتاییم تەواوکرد و دوای ئەوە باوکم ڕازی نەبوو بەردەوام بم لە خوێندن لەبەر ئەوەی جنسییەی سوریمان نەبوو وە هیچ سوودێکی نابێت و هیچ داهاتوویەکی نابێت. مامۆستاکان خۆشیان دەویستم بۆیە هاتن بۆ بۆلای باوکم و داوایان لێکرد کە ڕێگەبدات کە بەردەوام بم لە خوێندن بەڵام هەر ڕازی نەبوو. دەستمکرد بە شوانی و کشتوکاڵ کردن لەگەڵ براکانمدا. دڵنیام ئەگەر بەردەوام بوومایە لە خوێندن داهاتوویەکی باشم دەبوو، گەورە بووم و خۆشەویستیم بۆ خوێندن هەر لە دڵمدا مابووەوە، دەستمکرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی جگەرخوێن، فێری ئسلوبەکانی نووسینی بووم و لە بیرۆکەکانی تێگەیشتم، ئێستا منیش شیعر دەنووسم”.