Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 1, 2021

“لەبەر خۆشەویستیم بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان زۆر زوو وازم لە خوێندن هێنا، لە سەرەتادا باڵندەم بەخێو دەکرد دواتر دەستمکرد بە بەخێوکردنی سەگ، کێڵگەیەکی تایبەتم بۆ دروستکردن لەبەر ئەوەی زۆرم حەز لێی بوو. هەموو بەیانییەک پێش ئەوەی نانی بەیانی بۆ خۆم حازر بکەم نان بۆ ئەوان حازر دەکەم. کاتێک سەگە بچووکەکان دەهێنم، بە دەستی خۆم شیریان دەدەمێ ئەمەش وادەکات کە زیاتر هۆگریان بم کاتێک گەورە دەبن. ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم، سەگ بەوەفاترین هاوڕێی مرۆڤە. سەگەکانمم زۆر خۆشدەوێت و گرگنییان پێدەدەم. عادەتەن کە دەگەڕێمەوە بۆ کێڵگەکە هەموو سەگەکان ڕادەکەن بەرەولای من دێن لەبەر ئەوەی زۆر بیرمدەکەن. بەڵام ڕۆژێکیان گەڕامەوە بۆ کێڵگەکە و هەموویان بەرەو لام هاتن تەنها یەکێکیان نەبێت کە ناوی (دایکوس) بوو، ڕۆیشتم بۆ شوێنەکەی بینیم تۆپیووە. ئەو دیمەنە زۆر ناخۆشبوو بۆم چونکە لە منداڵییەوە بەخێوم کردبوو. ڕەخنەم زۆر لێگیراوە لەلایەن هەموو کەسێکەوە بەهۆی ئەو کارەمەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ ئەوان بەسەردەبەم، بەڵام ئێستا تەنانەت خێزانەکەشم یارمەتیم دەدەن لە بەخێوکردنیان”.