Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 5, 2021

“تەمەنم 18 ساڵە و لە هەموو براکانم گەورەترم. لەوکاتەی چاوم بە ژیان هەڵهێناوە خەریکی مەڕ بەخێوکردنم لەبەر ئەوەی باب و باپیرانم هەمان کاریان کردووە. قەت نەچوومەتە خوێندنگە، لەبەر ئەوەی لە گوند بووم و هیچ خوێندنگەیەک نەبوو لە گوندەکەمان و تاوەکو ئێستاش هیچ خوێندنگەیەک نییە. هیوادارم خوێندنگەیەک لە گوندەکەمان هەبێت بۆ ئەوەی کاتێک هاوسەرگیریم کرد منداڵەکانم بنێرم و فێری خوێندەواری بن. زۆر بە کەمی دەچمە ناوشار، کاتێک گەنجی هاوتەمەنی خۆم دەبینم دەچن بۆ خوێندن زۆر بێتاقەت دەبم چونکە من نەمخوێندووە. بەڵام ئێستا ناتوانم هیچ شتێک بکەم جگە لە بەخێوکردنی مەڕەکان، خێزانەکەمی پێدەژیەنم لە ڕێگەی فرۆشتنی بەرهەمەکانییەوە وەک شیر، خوری و گۆشتەکەی. ئەم ساڵ، ساڵێکی وشک بوو بۆ ئێمە، تاوەکو ئەمڕۆ بە ڕێژەیەکی پێویست باران نەباریووە، وا دەگەینە سەرەتای بەهار و هێشتا گیا گەشەی نەکردووە. زیانێکی زۆری لێداوین چونکە عەلەفێکی زۆرمان کڕی لەبری ئەوە و نزیکەی نیوەی مەڕەکانم فرۆشتووە بۆ کڕینی عەلەف”.