Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 6, 2021

“رۆژێك دوكانه‌كه‌م نه‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ زۆر دڵته‌نگ ده‌بم. نه‌چوومەتە قوتابخانه‌ و 13 ساڵە‌ پیشه‌م بووەته‌ ماسی فرۆشتن. بیرمدێت سه‌ره‌تا شاگردی پیاوێكی ئێزیدی بووم،‌ له‌ سنووری دهۆك ماسییان به‌ پیكاب ده‌هێنا و من لێره‌ ساغم ده‌كرده‌وه‌، تا وای لێهات خۆم هه‌وڵمدا دوكانێكی تایبه‌ت به‌ فرۆشتنی ماسی بكه‌مه‌وه‌. ماڵی ئێمە‌ نۆ سه‌رخێزان بووین، ژیانمان له‌سه‌ر ماسی بوو. دوای هه‌وڵه‌كانی من كاره‌مان بەشێوەیەک فرا‌وان كرد تەنانەت باوك و برا و زاواکەشمان كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كردم. له‌ ئێستادا باوكم و براكه‌م به‌ ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت ماسی به‌ شێوه‌ی گه‌ڕۆك له‌ گوند و لادێكانی به‌رده‌ڕه‌ش ده‌فرۆشن. سوپاس بۆ خوا متمانه‌مان دروستكردووه‌ له‌ نێو خه‌ڵك. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی ته‌مه‌نم له‌ ماسی فرۆشتن ڕایی كردووه‌ هه‌ر سه‌یری ماسی بكه‌م ده‌زانم هی ناوخۆیە یان ده‌ره‌وه‌، جۆره‌كانی زۆر به‌ باشی ده‌ناسم و زۆرجار له‌ شاره‌كانی تریش ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كه‌ن و داوای ماسی ده‌كه‌ن. له‌ ئێستاشدا باشترین و پڕفرۆشترین ماسی له‌ سنووره‌كه‌ی ئێمه‌ سۆره‌ ماسییه‌ كه‌ له‌ فیشخاپووری‌ سنووری پارێزگای دهۆكەوە بۆمان دێت. ئێستا پیشەکەم لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە و ناتوانم وازبهێنم”.