Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 13, 2021

“24 ساڵ لەمەوبەر لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا قاچی ڕاستم لەدەستدا و ئیتر هەموو ژیانم گۆڕا. زۆر قورسە قاچێکت لەدەستبدەیت. دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد و منداڵمان بوو، ناچاربووم هەموو ساڵەکە ئیش بکەم و هەر وەرزەی کارێک بکەم بۆ ئەوەی خێزانەکەم بژیەنم و منداڵەکانم بخوێنن. لە وەرزی هاویندا یارمەتی هاوسەرەکەم دەدەم لە ئامادەکردنی مرەبا و شیرینی بۆ ماڵان بەپێی داواکاری. بەڵام لە وەرزی زستاندا کارێکیتر دەکەم بەپێی توانای جەستەم، گەرمکەرەوەی ماڵان پاکدەکەمەوە لە ماڵەوە بەرانبەر پارەیەکی کەم. ساڵی پار ڕۆژێکیان لە ماڵ نەبووم کوڕەکەم غازی داگیرساند کە بووە هۆی سوتانی هەموو ماڵەکە، بەڵام سوپاس بۆ خواخێزانەکەم هیچیان لێنەهات. ئەو کاتە هاوڕێ، کەسە نزیکەکانم و دراوسێکانم یارمەتییاندام، بە تایبەتی دراوسێکانم کە نایانگۆڕمەوە بە ماڵی هەموو دنیا چونکە زۆر یارمەتیم دەدەن. ئەو خانووەی تێیدا دەژین لە دایک و باوکمانەوە بۆمان ماوەتەوە، موڵکی من و براکانمە، براکانم دەیانەوێت بینایەک دروست بکەن و لە شوقەدا بژین، بەڵام من ناتوانم بە قادرمەدا سەربکەوم و ناشتوانم لە شوقەدا گەرمکەرەوە پاکبکەمەوە، بۆیە بە براکانمم وت کە دەستکاری خانووەکە نەکەین ئەوانیش ڕازیبوون “.