Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

March 14, 2021

“چل ساڵ ئەبێت خەریکی ئەم کارەم، هەر ئەو کاتەی بابم مرد دەستمپێکرد بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە کۆمەک بکەم کە ئێحتیاجیان بوو. چەن کەسێکی کەم هەبوون کە ئەم کارەیان ئەکرد هەر کامیان لە گوندێک دەژیان، بەڵام ئێستە هەموویان مردوون و فەقەت من ماوم. گێڕانەوەی دەست و پێی شکیاو لە بابم فێر بووم، نەهاتووە پێش کە لەم چەند ساڵەی کاردەکەم خەتایەک لە من روو بدات و ببمە باعیس خەڵکی، ئەگەر نەمتوانیبێت هەر ئەو کاتە وتوومە پێیان و بۆ دکتۆر ناردوومن. ئەم ساڵانە هەموو کات درگای ماڵەکەم باز بووە و شەو و نیوە شەو خەڵک بۆ دەرمان هاتوونە لام. هیچکات بیرم لە پارە نەکردووەتەوە و فەقەت حەزم لە ئەوە بووە کە بە خەڵک کۆمەک بکەم، بۆیە ئێستەش حەز دەکەم مناڵەکانم فێربن و لە داهاتوو کە من نەمام بتوانن یارمەتیدەری خەڵک بن، بەڵام بەداخەوە حەزیان لێینیە. چەن ساڵە هاوسەرەکەم لەدەسداوە و تەنیام، بەڵام بە بۆنەی ئەم خزمەتە شوکر خەڵک دێنە لام و حورمەتم بۆ دادەنێن و تەنیا نابم، ئیتر لە ئەمە زیاتر چیم لە خوا گەرەک کە خەڵک لێم رازین”.