Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 1, 2021

“لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کچێکی گەنج بووم، لە گوند دەژیاین، لە سەردەمی عادات و تەقالیدە عەشایەرییەکان. ئەو برایەم کە لە من گەورەتر بوو کچێکی خۆشدەویست لە گوندەکەی تەنیشتمان، چوو بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەو کاتە عادەتێک هەبوو کاتێک دەچوویت بۆ داوای یەکێک ئەگەر پارەی تەواوت پێ نەبووایە بۆ هاوسەرگیرییەکە، ئەوا خوشکەکەت لە برای بووکەکە مارەدەکرد. تەنانەت گوێ لە بیروڕای کچەکە نەدەگیرا. مافی ڕادەربڕینمان نەبوو یان ڕەخنە بگرین. هاوسەرگیریم کرد و چووینە ماڵی مێردەکەم، لەسەرەتادا بەهۆی ئەوەی لە یەک تێنەدەگیشتن و کەسمان ئەویتری قبوڵ نەبوو کێشەمان زۆربوو. بەڵام لە کۆتاییدا بڕوام بەوە هێنا کە ئەوە چارەنووسی منە لە ژیاندا و بەرگەی هەموو شتێکم گرت. بەهۆی سروشتی کاری مێردەکەمەوە کە جوتیاری گەڕۆک بوو زۆر گوند گەڕاوین و هەر ماوەیەک لە گوندێک بووین. مێردەکەم سەیارەیەکی کڕی بۆ ئەوەی کاری پێبکات و ڕۆیشتین بۆ شار، لەوێ کارێکی دۆزییەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە نەدەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، منیش خۆم فێری دروومان کرد و کارم دەکرد بۆ ئەوەی کەمێک یارمەتی بدەم، منداڵمان بوو و گەورەم کردن. ئێستا تەمەنم 70 ساڵە زەمەنەکە زۆر گۆڕاوە، ئەو عادات و تەقالیدانە وەک جاران نەماون. ئافرەت ئێستا ماف و بیروڕای خۆی هەیە”.