Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 4, 2021

“کاتێک تورکیا دەستیکرد بە داگیرکردن و بۆمببارانکردنی عەفرین، لەناو ئەشکەوتەکاندا خۆمان دەشاردەوە بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان. ئەو کاتە دووگیان بووم و سکەکەم نۆ مانگ بوو، نزیکی ئەوە بوو منداڵم ببێت، ئەو ڕۆژەی کە منداڵم دەبوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە بۆ ژووری نەشتەرگەری تاوەکو منداڵەکەم بوو، ئەو کاتە نەخۆشخانەکە لەژێر مەترسیدا بوو، دەیان وت تەیارەکانی تورکیا نەخۆشخانەکە بۆمبباران دەکەن. زۆر قەلەق بووم، کە منداڵەکەم بوو گواستیانمەوە بۆ ماڵەوە، دوای هەفتەیەک شیرەکەم وشکی کرد لەبەر ئەوەی زۆر دەترسام کاتێک گوێم لە دەنگی بۆمببارانی تەیارەکان دەبوو، گەمارۆ درابووین و باری داراییمان خراپ بوو، شیری قتووم دەدا بە منداڵەکەم تەنانەت هەندێک جار ئاو و خوێم دەدا پێی. کاتێک کۆچمان کرد لە شارەکەمان تەنها یەک ڕێگا هەبوو، هەموو ڕێگاکانی تر گیرابوون، لە ڕێگا سەیارەکەمان لەکار کەوت و ناچاربووین بەپێ بڕۆین بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین، منداڵەکەشمم پێبوو کە تەمەنی لە دوو هەفتە زیاتر نەبوو، هەستم بە ئازاری نەشتەرگەرییەکەم نەدەکرد. لە ڕێگا بووین سەیارەیەک لەتەنیشتمانەوە وەستا بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بڕۆین، لەگەڵی ڕۆیشتین تا گەیشتینە سەلامەتی. بە ڕۆژگارێکی زۆر سەختدا تێپەڕیووم و هێشتا ئاوات ئەخوازم بە ژیانێکی خۆشتر لە شارە داگیرکراوەکەمان و دەبێت ڕۆژێک ئازاد بێت”.