Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

April 11, 2021

“ئێمە دوانەین ناومان ئەحمەد ومحەمەدە. لای زۆر کەس جێی باوەڕ نییە کە دەڵێین ئێمە دوانەین. ئەوان ڕاستدەکەن و خۆشمان دەزانین کە ڕووخسار و هەموو شتێکمان جیاوازە. لەگەڵ ئەوەی پێکەوە لەدایکبووین و گەورەبووین. بەڵام وەک دوانەکانی تر ئەوەندە هۆگری یەکترنین. ئێمە تا پۆلی سێی سەرەتاییمان خوێندووە. بەهۆی سەختی گوزەرانمان وازمان هێنا و ئێستا لەو دەشتەی کەندێناوە خەریکی شوانین بۆ بەڕێزێک و مانگانە لەبری ئەوە پارەمان پێ دەدات. ڕاستە ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو مەڕانە نین. بەڵام وەک ئەوەی هی خۆمان بێت ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، زۆر ئاگامان لێیانە و لێیان غافڵ نابین. تەنانەت تا ئێستا مۆبایلیشمان نییە، بە پێویستی نازانین و ناشمانەوێت پێوەی سەرقاڵ بین. ڕەنگە بۆ تەمەنێکی 12ساڵانەی وەک ئێمە ئەو کارە دژوار بێت، بەڵام لە شاردا ئیشوکاری پێویست نییە و بەتایبەتیش بۆ تەمەنی ئێمە کار زۆر زەحمەت دەست دەکەوێت”.